تەقینەوەیەک لە کرماشان ڕوویدا

لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی گوللـەتۆپێکی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

عەلیڕەزا دلێری، فەرماندەی پۆلیسی کرماشان دەڵێت، ئەو دوو کەسە تووشبووی ماددەهۆشبەرەکان بوون و لە نزیک گەڕەکی جەلالییە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە بوون، لەناکاو گوللـەیەکی تۆپ پێیاندا تەقیووەتەوە.

بەگوتەی عەلیڕەزا دلێری، ئەو رووداوە شەوی رابردوو روویداوە و دواتر یەکێک لەو دوو کەسە دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە و کەسی دووەمیش لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.

ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان تەمەنی 38 ساڵ و ئەوی دیکەشیان 54 ساڵ بووە و بەگوتەی پۆلیس، کەسانی بێ لانە بوون.

چەند رۆژێک لەمەوبەر کرێکارێکی شارەوانی و پۆلیسێکی کرماشان گوللـە کاتیۆشایەکیان لە گەڕەکی تەعاوونی شارەکە دۆزییەوە کە هی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بوو.

شەوی رابردوو دەستبەجێ تیمێکی پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی لە شوێنی تەقینەوەکە ئامادەبوون، بۆ ئەوەی رێگری لە ئەگەری رووداوی دیکە بکرێت.

ساڵانە بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکانی دیکە کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق و شەڕەکانی کوردستان بەجێ ماون، کەسانێک گیانی لەدەستدەدەن یان برینداردەبن.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەنیا لە سێ مانگی رابردوودا 8 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوە مین بریندار بوون و 3 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

رووداو

ھەواڵی زیاتر