پەیامێک لە شێخ نەھرۆوە بۆ شوێنکەوتووانی

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی ڕایگەیاند: نەهامەتی كورد و عەرەب یەكێكە و دەبێت یەكێك هەڵبژێرین خزمەت بەگەل بكات.

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی، سەرۆكی تەریقەتی كەسنەزانی لەجیهان داوای لەهاوڵاتیان كرد موجامەلەی بەرپرسان نەكەن چونكە ئەوان بەدەنگی میللەت گەیشتونەتە ئەو شوێنە و دەنگی ئێوەش بەنرخە.
شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لە دانیشتنێكدا لە تەكیەی سەرەكی كەسنەزانی لەسلێمانی دووپاتیكردەوە كە بەدەستهێنانی كورسی بەلای ئەوانەوە گرنگ نیە بەڵام گرنگە یەكێك هەڵبژێردرێت خزمەتی گەل بكات و دەنگ بەیەكێك بدرێت ئەگەر دەستدرێژی كردە سەر مافی هاوڵاتیان بتوانن دواتر لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكەن.
داوای لەهاوڵاتیانیش كرد هەر لەكەركوكەوە تاوەكو بەسرە ریزەكانیان یەكبخەن و خاوەنی یەك وتاربن و رێكبكەون لەسەر هەڵبژاردنی كەسێك كە خزمەتی گەلی عێراق بكات، وتیشی: عێراق لەپێشەوەی نەتەوەكانەوە بوە كەچی ئێستا بەهۆی گەندەڵكارانەوە لەخراپترین ئاستدایە.
رونیشیكردەوە، نەهامەتی كورد و عەرەب یەكیەكە و هەردووكیان بەدەست كێشەی ئێدارەی حزبیەوە دەناڵێنن و پێویستە ئامانجی حزبەكان تەنها بۆ عێراق و عێراقیەكان بێت، ئێستاش هیوایەك ماوە بۆ چاكسازی بەڵام ئەگەر دۆخەكە بگاتە بنبەست و خەڵكەكە دژی زوڵم زۆرداری راپەڕێت، ئێمە لەبەرەی خەڵك دەبین و پاڵپشتی لە راپەڕینەكە دەكەین.

ھەواڵی زیاتر