یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌شداری له ‌چاكسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئه‌مڕۆ 4ی ته‌مموزی 2021 شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیكرد له‌ كریستۆف بیوك، سه‌رۆكی نێرده‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ چاكسازی له‌بواری ئه‌منی و تیمێكی ئه‌فسه‌رانی باڵای یاوه‌ری.
له‌دیدارێكدا، كه‌ سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كان ئاماده‌یبوون، پڕۆسه‌ی چاكسازی و میكانیزمه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: له‌ پڕۆسه‌ی چاكسازی هه‌نگاوی باش چوینه‌ته‌ پێشه‌وه‌، بۆ پێشكه‌وتنی زیاتر و فراوانكردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ پێویستیمان به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌موولایه‌ك هه‌یه‌، وتیشی: به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ پێشوازی له‌كارو به‌رنامه‌كانی تیمی راوێژكاری چاكسازی له‌بواری ئه‌منی سه‌ر به‌یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كه‌ین.
نێرده‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ چاكسازی له‌كه‌رتی ئه‌منی، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پشتگیری و پاڵپشتی ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم و عێراق، له‌م ڕوەشه‌وه‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری وورده‌كاری پڕۆسه‌ی چاكسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن و ئامانجیانه‌ له‌پاڵ تیمه‌كانی هاوپه‌یمانان، ئه‌وانیش رۆڵی خۆیان بگێڕن و هاوكاری وه‌زاره‌ت بن.
له كۆتایی دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا به‌گرنگییه‌وه‌ له‌ دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ و پاراستنی ئاسایش و ئارامی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌یان روانی، هاوكات مه‌ترسیه‌كانی داعش و جموجۆڵه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی تیرۆریستان گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا، بۆ ئه‌مه‌ش رێككه‌وتنی سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی چوار ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی هاوبه‌ش به‌گرنگیه‌وه‌ خرایه‌ڕوو، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: دروستكردنی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ هه‌نگاوێكی گرنكه‌و بپشتگیری ده‌كه‌ین و پێویستده‌كات فراوانتر بكرێـت.

ھەواڵی زیاتر