کەری سەرمایەداری!

پێشکەوتن ئەوەیە کە پەرەپێدان لە فیکر و کار و کەسابەتی خۆمان بکەین، یانی دەبێت ئەوەی لە کەرەستەی سەرمایەداری وەک ئۆتۆمبێل و مۆبیلیات و ھەندێک ڕەفاھیەتی تر کە دەیانکڕین: بەرھەمی کار و کەسابەتەکەمان بن نەک ئەوانمان ھەڕاجفرۆش و کاولکردبێت ئا ئەمەی ئێستامان پێدابین کردبێت، ئێمە ئێستا زۆربەمان وەک پێشانی کابرای خلیجیمان لێھاتووە، وشترەکانی دەفرۆشت و پارەکەی ئەدان بە کادیلاکێکی سفر کیلۆمیتر، وردەوردە ئیتر دەوار و گوندیان زۆر کەمبوونەوە و دابەزینە ناو شارە گەورەکان، لە کوردستانیش ڕێک بە ھەمان دۆخی خلیجییەکاندا تێدەپەڕین، خەڵک ھەیە عەرزی بەراوی فرۆستووە بۆ خانووی ڕاقی ناوشار و لاندکرۆزەر«وەنەوشە»، صەد سەر مەڕ و چوار مانگای ھەبووە فرۆشتنی و ھات لە ناو شار پیکابێک و خانوویەکی سەرپەڕی لێکڕیوە و بووە بە حیمایەی کاک فڵان یان بە شتێکیتری لەو جۆرە!

شار دەبێت گوندیشی ھەبن ئەگەر نا شار نییە شوێنێکی قەرەباڵخە و بەس، پێشکەوتن ئەوەیە لە جێی خۆت و لە سەر کاری خۆت بەردەوام بی و دەستیشت گەشتبێت بە شتگەلێک کە کەرەستەی خۆشژیان و قازانجی زیاترن، بەشێکی زۆری ھەڵاوسانی بازاڕ بە ئاو و کارەباشەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆچی گوندنشینان بۆ ناو شار، ڕاستە ئێستا ئەوە کەمبۆتەوە، بەڵسم ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئێمە درکمان بە ھەڵەکە کردبێت، نا کەمبوونەوەکە بۆ فاکتەری تر دەگەڕێنەوە کە پێشتر بەردەستبوون و ئێستا کەمتر، عەلی شەریعەتی جوان ئەم بەناوکەوتنە کوێرانەیەی مرۆڤی ڕۆژھەڵاتی بۆ ناو تەڵە و رەفاھیەتی دنیای سەرمایەداری دەکات، بە جۆرێک بە«کەربوون بۆ سەرمایەداری»وەسفی دەکات، تەنانەت ھێرشی توند دەکاتە چینی خوێندەوار بە تایبەت سەر توێژەر و شاعیرەکان، کە ئەوان لە جیاتی ئەوەی کۆمەڵگە بێدار بکەنەوە، بە نووسین و توێژینەوەکانیان خەریکی پڕکردنی گیرفانی خۆیانن!

مەسرەفگەرا و دروستکردنی واجیھەی ئابووری ساختە پێشکەوتن نییە بوون بە کۆیلەی سەرمایەدارییە، لە ناو سەرمایەداریدا وەختێک پێشکەوتوویت کە دەخلت زۆرتر بێت لە خەرجت، فرۆشت زیاتر بێت لە کڕینت، ھەناردەت زیاتر بێت لە ھاوردەت، وەختێک پێشکەوتوویت کە پیشەسازییەکی خۆماڵیت ھەبێت، ئێمە ھەمانە و نیمانە کوڵەمەعاشێک و خانوویەک و سەیارەیەک ناکاتە پێشکەوتوو، ڕۆژێک دێت دەبینە ھەژارترین چینەکانی کۆمەڵگە، جاران وەک داھاتی خۆمان نەبوو مەعاش ھەبوو خەرج بکەین، بەڵام ئێستا خەرجمان ھەر وەک خۆی ماوە نەڵام داھاتمان کەمیکردووە، ئێ بەم تەزەخومەی ئێستای ناو شارەکان بێت ڕۆژێک دێت تەنھا دەوڵەمەندەکان دەتوانن ئاو و کارەبایان ھەبێت، بەم عەقڵەوە ڕۆژێک دێت ناچار دەبین کۆچی پێچەوانە لە شارەوە بەرەو گوند دەست پێبکەینەوە، ئاوایە لە ناو سەرمایەداریدا مانەوە تەنھا بۆ پارەدارەکانە.

لوقمان بیارەیی

ھەواڵی زیاتر