وەزارەتی بازرگانیی ههرێمی كوردستان ئاماژه بهوه دهكا له پێنج مانگی ئهمساڵدا 41 ههزاره ئۆتۆمبێل هاوردهی كوردستان كراوه، بەراورد بە ساڵی رابردووش 10% بۆ 20 هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل زیادی كردووە.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان، لە پێنج مانگی ئەمساڵ زیاتر لە 41 هەزار و 191 ئۆتۆمبێل لە رێگەی دەروازەكانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون.
بەپێی ئامارەكە سەرەتای ئەمساڵ مانگانە 8 هەزار بۆ 10 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “بەراورد بە ساڵی رابردوو كە بەهۆی كۆرۆنا و كەرەنتینەوه، بازرگانی كەمی كردبوو، ئەمساڵ 10% بۆ 20%هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی كوردستان زیادی كردووە”.
روونیشی كردەوە: لە پێنج مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە 41 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە كراوە، ” لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2020 زیاتر لە 247 مۆڵەتی بازرگانی بۆ هێنانی ئۆتۆمبێل درابوو، زیاتر لە 28 هەزار ئوتۆمبێلیش هاوردە كرابوو، بەڵام ئەمساڵ ئامارەكە زۆر بەرزبووهتەوە گەیشتووهتە 41 هەزار ئۆتۆمبێل، بهو پێیهیش بازرگانییەكە ئەمساڵ باشتر بووە”.
له ئەمساڵدا 348 مۆڵەت بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دراون بە كۆمپانیا و بازرگانەكان.
بەپێی داتاكان لە ساڵانی 2017 و 2018 و 2019دا زیاتر لە 358 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە كراون. زیاتر ئەو ئۆتۆمبێلانەش دوای تابلۆكردن هەناردەی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كراون.
نەوزاد شێخ كامیل، روونیكردەوە “ئەو 41 هەزار ئۆتۆمبێلەی ئەمساڵ هاوردە كراون، زۆربەی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق چووە و بەشێكیشی لە بازاڕەكانی كوردستان ساغ بوونهتەوە”.
گوتیشی:” ساڵی رابردوو بەهۆی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، قەیرانی دارایی، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ رێگری لە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدرا و ژێرئاوكەوتووی ئەمریكی، كاریگەریی زۆریان لەسەر بازرگانیی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل هەبووە”.
زیاتر لە 300 کۆمپانیای کەرتی تایبەت کاری هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ ناوخۆی کوردستان دەکەن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی، ئاشكرای دەكات 70%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، دوای تابلۆكردن بە بازرگانانی عێراق دەفرۆشرێن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، نزیكی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرە تابلۆكان (تایبەت، كرێ، بارهەڵگر، ئامێری كشتوكاڵی و بیناسازی، میری و ماتۆرسكیل) لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.
ئیدریس رەمەزان، شارەزایی ئابووری رایگەیاند:” كۆرۆنا كاریگەری لەسەر هەموو سێكتەرە ئابوورییەكان كرد، لە نێویاندا ئەو سێكتەرانەی پەیوەندییان بە هاوردەكردن هەیە، ئۆتۆمبێلیش یەكێك لەو سێكتەرانە بوو، بەڵام ئەمساڵ بووژانەوەیەكی باش دروست بووە، ئەویش بۆ كەمبوونەوەی كۆرۆنا و هەڵگرتنی مەرجەكان و كرانەوەی سنوور و بازگەكان بووە”.
بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێنوێنیی نوێ بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی كوردستان دەردەچێت و لەمەودوا ئۆتۆمبێلی هاوردەكراوی بەكارهاتوو نابێ ژێرئاوكەوتوو یان سووتاو و بڕاوە بێت، ناشبێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەكرێن شانسییان بڕاوە یان لەحیمكراو بێت، توكمەی دەرگا یان بانی بڕاوە نەبێت، دەشبێ هەردوو ئێرباگی شوفێر و تەنیشت شوفێر كار بكەن.
بەپێی ڕێنوێنییە نوێیەكە، ڕێگە دەدرێت ئۆتۆمبێلی مارسیدس، لاندرۆڤەر، جیپ، بی ئێم دەبڵیوو، تۆیۆتا، فۆرد، نیسان، ڤۆلكس واگن، شۆڤرلێت و ئۆدی هاوردە بكرێن، هەروەها ڕێگە دەدرێت ئۆتۆمبێلی دە مۆدێل كەمتر لە مۆدێلی رێگەپێدراو هاوردە بكرێ، بڕی یەك ملیۆن و پێنجسەت هەزار دیناریش بۆ هەر ساڵێك كەمتر لە مۆدێلی ساڵ وەك رسومات وەر دەگیرێت.
باس نیوز