ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، تەواوی مووچەی پێنج مانگی مووچەخۆران كە بڕەكەی (٣ ملیار و ١٥٩ملیۆن دۆلار)ە وەک (مووچەی خەرجنەکراو) خرایە سەر پابەندییە داراییەكانی هەرێم.
دەقی ڕوونکردنەوەکە
لەبارەی ئەو (٣ ملیار و ١٥٩ ملیۆن دۆلار)ەی کە زیاد بووە لەسەر پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێم و لە دانیشتنەکەی پەرلەمان خستمەڕوو، بە پێویستم زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بە هەموولایەک بدەم:
بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیران لە ٥-١٠- ٢٠٢٠ لە بەردەم پەرلەمان رایگەیاند كە حكومەت ٢٨ ملیار و ٤٧٧ ملیۆن دۆلار پابەندی دارایی لە ئەستۆیە، لەپاش ئەو بەروارەوە، حکومەت لە ٧-١٠-٢٠٢٠ بڕیاریدا بە ڕاستکردنەوەی مانگەکانی پێدانی مووچە، و بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی مووچەی پێنج مانگی مووچەخۆران كە بڕەكەی (٣ ملیار و ١٥٩ملیۆن دۆلار)ە وەک (مووچەی خەرجنەکراو) خرایە سەر پابەندییە داراییەكانی هەرێم نەک بەو بڕە پارەیە قەرز کرابێت (کە هەرێم بە پێی دەستوور هەر دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرزی نیە)، ئەمەش وای کرد پابەندیی دارایی حکومەت لە (٢٨ ملیار و٤٧٧ ملیۆن دۆلار)ەوە ببێت بە (٣١ ملیار و ٦٣٦ ملیۆن دۆلار).
ئەركی ئێمە ڕاگەیاندنی راستییەكانە وەک خۆی بەدروستی بە پێی ئەو داتایانەی لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێمان گەیشتووە، و ئەوەی كە لەپەرلەمان رامانگەیاند وەك ئەركی سەرشانمانە بۆ وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران، و هەر تەفسیرێکی دیکە کە لە غیابی خۆم بۆ قسەکانمان بکرێت دوورە لە ڕاستیەوە.
بۆ زانیاری هەموولایەکیش، ئەو ژمارانە ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی کراوە و حاڵی حازر لە ژێر ووردبینی وپێداچوونەوەن، و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی ووردبینی ئەنجامەکەی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.