پاش ئەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق داوای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی داعشی کرد . ئەو داوایە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە رەت کرایەوە. وەزیری دادی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەری وەزارەتی داد رایگەیاند: مەبەست لە دامەزراندنی دادگەکە. بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانە بووە کە تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکیان ئەنجام داوە .
فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردۆتەوە: “مەبەست لە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی داعش بۆ ئەوە بوو کە ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان هەبووە لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیان، دادگایی بکرێن، چونکە دادگاییکردنی تۆمەتباران، جێبەجێکردنی دادگەرییە بۆ گەیاندنی تۆمەتباران بە سزای خۆیان” .
وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: “دوو ساڵە هەرێمی کوردستان چەندین بەڵگەنامەی لەسەر تاوانەکانی تیرۆریستیانی داعش ئامادە کردووە و کاری لەسەر کراوە”.
لەبارەی وەڵامی دادگای باڵای فیدراڵی عیراقیش فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، روونی کردەوە، ” بڕیاری دادگای فیدراڵی پێداچوونەوەی بۆ دەکەین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان وەڵامی خۆمان دەبێت، راستە لەروویی یاساییەوە، تانە لە بریارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی نادرێت، بەڵام هێشتا دەرفەتی قسەکردن ماوە تا ئێمەش بۆچوونی خۆمان بڵێین، لەبەرئەوەی لەوانەیە ئەو شتانەی ئەوان باسیان کردووە ئێمە لەگەڵی نەبین”.
وەزیری داد گوتی : ” دامەزراندنی دادگایەک بۆ تاوانەکانی داعش، دادگایەکی تایبەت نییە، بەڵکو دادگایەکی تایبەتمەندە و جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو دوو جۆرە دادگایەدا، ئەو دادگایەی پیشنیار کراوە تایبەت نییە وەک ئەو بەناو داگایەیەی (شۆڕش) لە سەردەمی رژیمی بەعس کە خەڵکی بە کوشت دەدا .
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی زیاتر