سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵیادی پەڕینەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی لە رووباری ئاراس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئەمڕۆ حەفتا و چوار ساڵ بەسەر داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە رووباری ئاراسدا تێدەپەڕێت.
لە 18ـی حوزەیرانی 1947ـدا دوای پەنجاوسێ رۆژ شەڕ و بڕینی سنووری ئێران و عێراق و توركیا و رووبەڕووبوونەوەی سوپا و چەکدارانی سێ دەوڵەت و پووچەڵکردنی هەڕەشەی دووژمنان لە رێڕەوێكی دوورودرێژ و سەختدا بارزانیی نەمر و یاوەرانی توانیان لە ڕووباری ئاراس بپەڕنەوە و بچنە خاكی یەكێتیی سۆڤییەت”.
سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەدات کە “ئەو داستانە رەهەندی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی و سەربازیی گەورەی هەبوو و، كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر مانەوەی دۆزی رەوای كورد لەو كات و لە قۆناخەكانی داهاتوو بەجێهێشت”. لە پەیامەکەیدا سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت “لەدوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد هەموو هەوڵی دووژمنان ئەوە بوو كە كۆتایی بە خەبات و تێكۆشانی گەلی ستەملێكراوی كورد بهێنن و ئیرادەی مرۆڤی كورد بشكێنن. بەڵام لەو داستانە مێژووییەدا ئیرادەی گەلەكەمان بەسەر پیلانی دووژمنان سەركەوت و ئەوە سەلمێندرا كە ئیرادەی بەرخودان و خۆبەدەستەوەنەدان لەنێو رۆڵەكانی گەلی كوردا هەر دەمێنێت و ئەو ئیرادەیە لە هەموو هێز و سوپا و پیلانێك بەهێزترە”.
سەرۆک بارزانی داستانی مێژوویی “پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس” بە رەتكردنەوەی داگیركاری و بندەستی ناودەبات کە “ئومێدی مانەوە و خەباتی لە دڵی گەلی كورد بە زیندوویی هێشتەوە”.