بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە پێناو گەیشتن بە کیانێکی سەربەخۆ بۆ گەلێکی بەش خوراو
مێژووی گەلی کورد پڕیەتی لە نەهامەتی و چەوسانەوە و زوڵم و ستەم، هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو نەهامەتیانەش حکومڕانییە تۆتالیتارییە یەک لە دوای یەکەکانی ناوچەکە بووە کە گەلی کوردی ئاراستە کردووە بۆ بەرەی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکان لە ڕێگای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و شۆرشی جەماوەری، ئەو جۆرە حوکمڕانییانەش هەمیشە کۆتاییەکەی بە داڕمانی ژێر خانی ئابووری و ئاڵۆزی نێوان پێکهاتەکان و کەڵەکە بوونی کێشەکان کۆتایی هاتووە، وەک ئەوەی چارەسەر بێ بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و پێکەوە ژیان.
کورد وەکو نەتەوە بە پێی ڕێککەوتنی (سایکس بیکۆ) خاک و گەلەکەی دابەشکراوە بەسەر ووڵاتانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا، بەڵام ئەو دابەشکارییە نەبۆتە مایەی سەقامگیری و ئاسایشی هیچ یەکێک لەو ووڵاتانە، پاشان کێشەی نێوان میرنشینەکان و پارتە کوردییەکان و دوو لەت بوونیان، کێشەکانیان ئەوەندەی تر قووڵتر کردۆتەوە هەندێ جار کار گەیشتۆتە خوێن ڕشتن (برا کوژی)، کە بەداخەوە بە پێی هەموو لۆژیکێک ماڵوێرانترین کارەساتە لە میتۆدی هەر گەلێک کە ڕوویدابێ، بە تایبەت بۆ ئێمەی گەلی کورد کە مێژووییەکی تاڵمان هەیە لەگەڵ ئەو پرسە نەگریسە، گرنگە بۆ ئێمە کە خاوەن قەوارەیەکی هەرێمین لە ئێستادا، لەژێر ئەم قەوارەیە دا خاوەن حکوومەت و پەرلەمانین با بەیاسا شەری برا کوژی شەرمەزار بکەین، چونکە نەیارانمان هەمیشە لە هەوڵی ئەوە دابوونە و مێژووش شاهیدی ئەوە دەدات کە ببن بە هەوێنی ناسەقامگیری و دووبەرەکی لە نێوانمان.
بە داخەوە لە ئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ پەڵکێش کردنی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزی پێشمەرگە لە خاکی هەرێمی کوردستان، هیوادارم کە ڕوونەدات و ئەو خوێن ڕشتنە لێرەوە بوەستێ، ئەگەر بابەتەکە بۆ چەکدارانی پەکەکە بەرگریکردن بێت لە خۆیان، بۆ هێزی پێشمەرگە تێوە دەگلێنن لەو شەڕەی کە خواستی گەلی کورد و پێشمەرگەی لە سەر نیە؟ پاشان بۆ تەنها لەو قەوارەیەی هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان چڕکردۆتەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بنیاد نراوە و پاساو دەدەن بە تورکیا هێرشیان بکرێتە سەر! ئێمە لەگەڵ هاتنی هیچ هێزێکی بێگانە نین کە سنوور و سەروەرییەکانی هەرێمەکەمان ببەزێنێ، لە هەمان کاتیشدا ڕێز لەو پارتە سیاسییانە دەگرین کە لە خاکی هەرێمەکاندا گیرساوەتنەوە و ڕێگامان داون کار و چالاکی سیاسی ئەنجام بدەن، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوە دانین کە ببن بەمایەی شەڕ و ناسەقامگیری و هۆکاری چۆڵکردن و ماڵوێرانکردن و شەهید کردنی دەیان خەڵکی سڤیل لە ناوچەکەدا، ئەوەی کە ئێستا ڕوو دەدات دڵنیام پلانی نەیارانی دژ بە نەتەوەی کوردە، دەخوازم لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان با دەست لە ناو دەست بین بۆ چارەسەری ڕیشەیی هەموو ئەو زوڵم و ستەمەی کە بە درێژایی مێژوو لێمان کراوە بە پاساوی نا لۆژیکی، با پلانی نەیارانمان بە یەکڕیزی نێوانمان لە بار ببەین لە پێناو گەیشتن بە کەناری ئارامی بۆ گەڵێکی ماندوو لە شەڕ و ماڵوێرانی، ئەوەی چەند سەدەیەکە هەوڵی بۆ دەدەین تەنها بە پێکەوەیی دەتوانین هەنگاوی بۆ بنێین، چونکە سەنگەر لە یەکگرتن خزمەتە بە دوژمنانی گەلێکی ستەمدیدە و لە گۆڕنانی هەموو خەون و ئاواتەکانی ڕۆژانی پڕ لە تێکۆشان و خەبات و بە فیڕۆدانی خوێنی شەهیدەکانمان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان