ژنێک زیاتر لە ٢دەفتەر دۆلار دەداتە کەسێک مێردەکەی بکوژێت

پۆلیسی ڕاپەڕین دەستگیرکردنى بکوژى هاوڵاتییەکى راگەیاند کە لە نیسانى ئەمساڵدا کوژرا و دانى بەوەداناوە کە خێزانى کوژراوەکە زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلارى پێداوە بۆ ئەوەى مێردەکەى بۆ بکوژێت.  

پیاوە کوژراوەکە کە (س،خ،پ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ پیشەی کاسب دانیشتوی حاجیاوایە، لەبەرواری ٢١ /٤/ ٢٠٢١ نزیک کاتژمێر ١٠ی شەو لە نزیک ماڵەکەى خۆى درایە بەر دەستڕێژی گوللە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا و پۆلیس لێکۆڵینەوەى لەرووداوەکە دەستپێکرد.  

بەپێی راگەیەنراوێکى پۆلیسی ڕاپەڕین، دواى رووداوەکە دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە یەکێکیان خێزانی کوژراوەکە و ئەوەی تریان خەسوی کوژراوەکە بوو بە پێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسایی سزادانی عێڕاقی ڕاگیران.  

ئاماژە بەوەشکراوە، لەدوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن، لەلایەن بنکەی پۆلیسی حاجیاوا و بە هاوکاری ئاسایشی حاجیاوا بکوژی سەرەکی ڕوداوەکە بەناوی (س،آ،آ ) دەسگیرکرا و بە هەمان مادە بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیرا.  

بەپێی راگەیەنراوەکە، دوای ئەوەی بەڵگەی تەواو و کۆکرایەوە لە دژی تۆمەتباری سەرەکی (س،آ،آ) بەڵام لەسەرەتادا نکۆڵی دەکرد. دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردەکاری زیاتر و خستنە ڕووی بەڵگەی زیاتر، تۆمەتبار (س،آ،آ) لە ئێستا دانی ناوە بەتاوانەکەیدا.  

“ئێستادا تۆمەتبار (س،آ،آ) لە بەردەم پۆلیس و دادگا دانی نا بەتاوانەکەی، بە وتەی خۆی دەڵێت کە لەگەڵ خێزانی کوژراو ڕێک کەوتووە کە لە بەرامبەر بڕی ٢٢٧٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە خێزانی کوژراو وەربگرێت و مێردەکەی بۆ بکوژێت”.  

بەوتەى پۆلیس، بکوژەکە وتویەتى لەبەرواری ٢١ /٤/ ٢٠٢١ نزیک کاتژمێر ١٠ی شەو تاوانی کوشتنەکەی ئەنجامداوە. لەئیستاشدا تۆمەتباری ناوبراو لەگەڵ خێزانی کوژراو و خەسوی کوژراو بەهەمان ماددەی یاسایی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە. 

ھەواڵی زیاتر