لە ماوەی پێنج مانگ زیاتر لە 41 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم کراون

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 41 هەزار ئۆتۆمبێل لە رێگەی 348 مۆڵەتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، بە بەراورد بە ساڵی پار هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل زیادیکردووە. ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2021، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 41 هەزار و 192 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر هاوردەکراون، ژمارەی ئەو مۆڵەتانەشی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دراون 348 مۆڵەت بوون.” سەبارەت بە مۆڵەتەکان بەپێی خاڵە سنوورییەکان وەکو نەوزاد کامیل روونیکردەوە، بەمشێوەیەن: “لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل 87 مۆڵەت دراون، لە حاجی ئۆمەران 140 مۆڵەت دراون، لە باشماخ 79 مۆڵەت و لە پەروێزخانیش 42 مۆڵەت دراون.” نەوزاد کامیل ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە رووی ژمارەوە، ئەمساڵ ئۆتۆمبێلی زیاتر هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، چونکە ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی زۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و رێوشوێنەکانی کەرەنتینە و داخستنی سنوورەکان، ئۆتۆمبێلی کەمتر هاوردەکرابوو. لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020دا، 309 مۆڵەت بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل درابوون، نەوزاد کامیل گوتی، “لە رێگەی ئەو مۆڵەتانەوە 33 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکرابوون.” بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی لەبارەی کوالیتی هێنانی ئۆتۆمبێلەکانیشەوە گوتی” دەبێت بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بێت کە چەندین رێنمایی تایبەت بۆ ئەمە هەیە”. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نیسانی ساڵی 2020 مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتووی بڵاوکردەوە، بەپێی ئەو رێنماییانە ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەکارهاتوون و شانسیی نەبڕابێتەوە و لەحیم نەکراو و دەرگە تۆکمە و سەر نەبڕاوە بێت و ئێرباگەکانی شۆفێر و سەرنشینی تەنیشت شۆفێر کاربکەن، هاوردە دەکرێن بەو مەرجەی لێدراوییەکانیان گەڕابێتەوە بۆ باری سەرەکیی کۆمپانیا، بەڵام ئۆتۆمبێلی ژێرئاوکەوتوو، بە هیچ شێوەیەک داخڵ ناکرێت. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە سێ مانگی یەکەمی2021دا، 850 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون کە 128 گیان لەدەستدان و هەزار و 439 برینداریان لێکەوتووەتەوە، بەوپێیە بە تێکڕایی رۆژانە 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 915 هەزار ئۆتۆمبێل هەن. هەروەها بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ، سەرباری 19 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە ئامارەکەدا تۆمارنەکراون، ژمارە و جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە: – تایبەت: ملیۆنێک و 91 هەزار و 466   – کرێ: 96 هەزار و 787   – بارهەڵگر: 421 هەزار و 267  – ئامێری کشتوکاڵی: 38 هەزار و 396   – ئامێری پیشەسازی: 27 هەزار و35  – ژمارە کاتی و کارتی زانیاری: 146 هەزار و 52  – ئۆتۆمبێلی حکومی: 29 هەزار و 952  – ماتۆڕسکیل: 18 هەزار و 638  – کۆی گشتی: ملیۆنێک و 896 هەزار و 593 ئۆتۆمبێل  دابەشبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە: –

پارێزگای هەولێر: 943 هەزار و 32 ئۆتۆمبێل 

– پارێزگای سلێمانی: 614 هەزار و 512 ئۆتۆمبێل 

– پارێزگای دهۆک: 277 هەزار و 411 ئۆتۆمبێل 

– گەرمیان: یەک هەزار و 624 ئۆتۆمبێل 

– سۆران: 3 هەزار و 62 ئۆتۆمبێل   

رووداو

ھەواڵی زیاتر