سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكی له‌ كوردستان كرد


دادوه‌ر به‌نگین قاسم محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پێشوازی كرد له‌ شاندێكی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكی به‌ سه‌رۆكایه‌تی داربی پارلامانت، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری سیاسی و ئابوری له‌ كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ كوردستان.


له‌ دانیشتنێكدا شاندی ئه‌مریكی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی خسته‌ڕوو كه ئاڵوگۆڕی زانیاری له‌نێوان هه‌ردوولا بوو سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌یه‌ك پرس و بابه‌ت وه‌ك دادگای تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانی تیرۆریستانی داعش و مافه‌كانی مرۆڤ و پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رانبه‌ر ئافره‌تان. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری سیاسی له‌ كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا بۆچوون و تێبینی و سه‌رنجی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌یه‌ك پرسی په‌یوه‌ندیدار خسته‌ڕوو. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا به‌ گرنگییه‌و ده‌ڕوانێته‌ كاروباری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان بۆ پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌رز ده‌نرخێنن.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، به‌ كورتی پێناسه‌یه‌كی پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌رك و كاری دادگاكانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان خسته‌ڕوو و راشیگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان به‌ ئاراسته‌ی پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان و سه‌روه‌ربوونی یاسایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌ وردی وه‌ڵامی تێبینی و سه‌رنجه‌كانی شاندی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكای دایه‌وه‌و گوتیشی كه‌ ئه‌و پرسانه‌ جێی بایه‌خی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رین ‌و بۆ جێبه‌جێ كردنیشیان له‌ هیچ هه‌وڵ و هه‌نگاوێك درێغی ناكه‌ن و سوپاسی شاندی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكاشی كرد بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌.

ھەواڵی زیاتر