مەلا بەختیار: 37 ساڵە پەکەکە نەیتوانیوە سەنگی سیاسی گەریلایی بباتەوە سەنگەری راستەقینەی خۆی

نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان (پلاسخارت)و هەندێک لە چاودێرە سیاسیەکان، زەنگی مەترسیان لەسەر هەرێمی کوردستان، لێداوە. ئێمەش لە (١٣/٧/٢٠١٦) لە زانکۆی سلێمانی لە کۆڕی (سازان یان ترازان) باسی پیلانمان لەدژی بەشەکانی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان کردوە.

مەخابن، ساڵەها تێپەڕی، چارەسەر بۆ کێشە مەترسیدارەکانی ناوخۆیی نەدۆزرایەوە. بە تایبەتی لە نێوان یەکێتی و پارتی. هەروەها لە نێوان پارتی و p.k.k. لە رۆژئاوای کوردستانیشدا، لەنیوان پەیەدە و ئەنەکەسە،

 ئەگەری دەستێوەردانی ئیقلیمی لە باشوردا، ئەگەر بە حوکمی بەرەسمی دانپیانان بە فیدراڵیەت، دەستوری هەمیشەیی، بازرگانی و ئابوری هەرێم و دەوروبەر کەمتر بوبێ.. بێگومان، تورکیا لەگەڵ گەریلاکانی باکور لەشەڕدایەو تورکیاش ئەزمونی (٢٠٠) ساڵەی دوژمنایەتی کوردی هەیە. لە پیلانگێڕانیشدا کارامایە.

پەیوەندی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکانی دەوروبەر، مافی خۆمانە بیپارێزین و ئەنجامە  ئەرێنیەکانی ئابوری و سیاسی و دیپلۆماسی، بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و کوردستان و عێراقیش، دەرکەوتوە. بەڵام تورکیا، بە حوکمی ئەوەی سورە لەسەر نەسەلماندنی مافی دیموکراسی-نەتەوەیی کوردستان، تەنانەت سورە لەسەر ئەوەی یاسای لێبوردنیش بۆ گەریلا دەرنەکات، بەلکو  وەکو زەمانی حکومەتی پاشایەتی عێراقیش ئامادە نییە دان بە زمانی کوردیدا بنێ. هەموو چەشنە دەستپێشخەریەکی ئاشتیش بۆ چارەسەری  سیاسی رەتدەکاتەوە. لە ساڵی (١٩٩٣-١٩٩٤) لە زەمانی مەرحوم تورگوت ئۆزالەوە، سەرۆک مام جەلال ئاسۆی ئاشتی پیشانی تورکیا داو جەنابی ئۆجەلانیش شەڕی یەک لایەنەی چەندجارێک، لەسەر داوای مام جەلال راگرت. بەڵام لەوساوە، (٣٠) ساڵی رەبەقە خوێنڕشتن و ماڵوێرانی بەردەوامە. زیندانەکان هەتادێن زیاتر دەکرێنە قوتابخانەی ئازادیخوازان! کۆخەمی گەورەی زیندانیەکانیش سەلاحەدین دەمیرتاشە.

جەنابی مەسعود بارزانی!

بەڕێزان.. هاوسەرۆکی (p.k.k)!

رای گشتی کوردستان!

پشتیوانانی کوردستان!

ئاشکرایە، هێزە سیاسی-چەکدارەکان، کاتێک کێشە سیاسیەکانیان چارەسەر ناکەن، لەدوا ئاکامدا، پەنا بۆ چەک دەبەن. بە تایبەتی لە کوردستانێکی گەمارۆدراودا، کە کێشەی دیموکراسی-نەتەوەیی بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. دوژمنانیشی بەدەوام لە پلانگێڕاندان.

-لەساڵی (١٩٩٢) یەکێتی و پارتی، شەڕیان لەگەڵ (p.k.k) تاقیکردەوە بێهودە بوو.

-یەکیتی و p.k.k، شەڕیان دژی یەکدی کرد، هەمان ئەنجامی هەبوو.

-دوای ئەوە، پارتی و p.k.k شەڕیان تاقیکردەوە، دیسان بێهودە بوو.

بێگومان (p.k.k) دوای (٣٧) ساڵ نەیتوانیوە سەنگی سیاسی-گەریلایی بباتەوە سەنگەری راستەقینەی خۆی.. کە باکوری کوردستانە. ئەمەش مایەی زیانە بۆ خەباتی رزگاری مەدەنی باشور. چونکە، تاقیکردنەوەی تەنانەت دۆخێکی وەکو ئەنفالیش، کە تاقە گوندێکی کوردستان نەمابوو؛ رژێمی فاشی عێراقیش لە تورکیا کەمتر لە سەرکوتکردنی پێشمەرگە شارەزا نەبوو؛ کەچی پارتیزانەکانی بەرەی کوردستانی، توانیان درێژە بە چالاکی بدەن، p.k.k بۆ تائێستا نەیتوانیوە؟ ئەمەیان لە روانگەی ئێمەوە، پەیوەندی بە ستراتیژی چەکداریەوە، دوای جەنگی سارد هەیە. کە سەراپا پیاچونەوەی پێویستە. خەباتی راپەڕینی و مەدەنییەتی شارەکان بۆتە ستراتیژی دیموکراسی.

بەڕێزان!

لەم دۆخە ئاڵۆزەدا (٦) پێشمەرگە دەبنە قوربانی. کە ئەگەر (p.k.k) کاری وای کردووە، (کە تا ئێستا رەتیدەکاتەوە) تاوانێکی گەورەی ئەنجام داوە. لەگەڵ ئەوەشدا.. گریمان سەلمێنرا (p.k.k) تاوانەکەی کردووە، دەی لەم کاتەدا، حیکمەتی جەنابی مەسعود بارزانی و پارتی و حکومەتی کوردستان، لەو دەڤەرەدا لەوەدایە، نەهێڵن ئەم داچۆڕانەی خوێن،  بکرێتە جۆگەلەی خوێنی کورد بە کورد بەکوشتدان. با ئەمجارەش، خوێنی رۆڵەکانی باشور، وەکو قوربانی کوردایەتی سەیر بکرێ و بکرێنە قەزاوەگێری راوەستانی قوربانی تر. بە هەموو شێوەیەک، هیچ لایەک نەکەوێتە ناو داوی دەوروبەر، بۆ زیاتر خوێن رشتن. چونکە ئەنجامەکەی بێهودەیە.

پەرلەمانی کوردستان و عێراق، لیژنەیان ناردوە، چاوەڕێ بکەین ئەنجامەکەی رابگەیەنن. لەبەر رۆشنایی ئەنجامەکەی، بەوپەڕی بەرپرسیارێتی نەتەوەییەوە بیر لە چارەسەر بکرێتەوە. نەک بیری تۆڵە سەندنەوە زاڵبێ بەسەر دۆخەکەدا.

بەڕێزان!

دوای ئەم روداوە، لە پێشەوەدا پێویستە p.k.k بیر لە چارەسەری عەسکەری-سیاسی بکات و گەریلا  لە هێڵی رووبەڕوبونەوەی پێشمەرگە و ئیدارەی بناری قەندیل-گارا، دور بخاتەوەو خەڵکەکەشی لە بۆردومانی فڕۆکەی ناتۆ سەرفراز بکات. ئینجا پارتی، پشوی درێژتر بکات و سیاسەتی سەنگینی خۆی بەرامبەر ئە دۆخە، کە ساڵانی رابوردوو، پەیڕەوی کردوە، لەدەست نەدات.

هەموو لایەکیش بیر لە چارەسەری ئاشتی کێشەی باکور بکاتەوە. بە تایبەتی، تورکیا ئێستا، لەگەڵ میسر، یۆنان، لیبیا، عێراق، ئەمریکا و یەکێتیی ئۆروپا، سەرقاڵی پیاچونەوەیە بە سیاسەتەکانی رابوردووی، بە ئامانجی چاک کردنی نێوانیان. هەر تورکیا، چەکدار بۆ سوریا و لیبیا بۆ پشتیوانی هێزی چەکداری داردەستی خۆی دەنێرێ، کەچی لە باکوری کوردستاندا، ئامادە نییە دانوستان بکات!!

حیزبە کوردستانیەکانیش، لە پێشەوەدا یەکێتی و گوڕان، کە لە حکومەتدان،هەقە هەڵوێستیان یەك بخەن، بۆ رێگرتن لە رودانی نەخوازراوی شەڕێکی دیکەی ناو ماڵی کورد. ئەگەرنا، کە شەڕ قەوما، تەواوی حیزبەکان، لە پێشەوەدا ئیدارەی یەکگرتوی کوردستان، باجەکەی دەدەن.

بەڕێزان!

بەدرێژایی دامەزراندنی حکومەتی عێراق، دەسەڵاتەکانی عێراق، بەرپرسیار بون لە چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردستان.. بێگومان لە تورکیا و باقی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، هەر حکومەتەکانن، کێشەی دیموکراسی کوردستان چارەسەر ناکەن. بۆیە، تکایە، دەرسەکانی مێژووی خۆمانمان بیرنەچێ. بە دڵنیایەوە، کێشەی باکوریش، لەدوا ئاکامدا، شەڕی خوێناویتریش رووبدات، خۆ لە ئەنفالکردنی باشوری کوردستان و کیمیاباران کردن، تراژیدیتر نابێ.. هەر دەشگاتە چارەسەر.

ئومێدەوارین.. چارەسەرکردنی کورد-کورد، پێش چارەسەرەکانی حکومەت_ کورد بکەوێ.

لەگەڵ رێزی

مەلا بەختیار

٩/ حوزەیرانی/٢٠٢١

سلێمانی

ھەواڵی زیاتر