سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ یادی هەردوو كارەساتەکانی 9ـی حوزەیران، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە مێژووی خەباتی گەلەكەماندا ڕۆژ نییە یادی كارەسات و قوربانیدان و قارەمانێتیی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان نەبێت. پەنجا و هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٦٣ـدا ژمارەیەك ئازادیخوازی سلێمانی لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون سووكایەتی بە هێما نەتەوەییەكانیان بكەن، بەدەستی تاوانباری ئەو كات “زەعیم سدیق” شەهید كران. ئەو شەهیدە نەمرانەی سلێمانی بە قوربانیدانی خۆیان وانەیەكی پڕبەهای ئازایەتی و ئازادیخوازی بوون بۆ گەلەكەیان.
بیست و دوو ساڵ دوای تاوانەكەی زەعیم سدیق، هەر لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٨٥ـدا دەستی تاوانكاری دوژمن گەییشتە گیانی بێ تاوانی پەنابەران و، فڕۆكەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق دڕندانە ئۆردوگای پەنابەرانی “زێوە”ـیان بۆردومان كرد و لە تاوانەدا سەدان ژن و منداڵی بێ گوناحی پەنابەر و ئاوارە شەهید و بریندار بوون.
دوژمن پێیوابوو بە شەهیدكردن و ئازاردان و سووتاندنی ژن و منداڵ و ئازادیخوازانی كورد، دەتوانێ ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ بەردەوامبوونی لە خەبات تێبشكێنێت. بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ مانەوە و خەبات و تێكۆشان، زۆر لە زەبروزەنگ و فڕۆكە و ئاگر و ئەشكەنجەی دوژمن بەهێزترە. دواجاریش چارەنووسی دوژمن و نەیارانی گەلەكەمانمان بینی و ئیرادەی بەرزی گەلەكەمان بەسەر دوژمنی بێویژداندا سەركەوت.
لەو یادەدا بە بەرزی یادی شەهیدانی هەردوو كارەساتی ٩ـی حوزەیران و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەكەینەوە و خوێنی شەهیدانمان چرای ڕێگای ئێستا و داهاتوومانە.
مسعود بارزانی
٩ـی حوزەیرانی٢٠٢١