چەند گەندەڵییەکی سەلیم شوشکەیی ئاشکرا دەبێت

به‌پێی نووسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌ولێر، ئۆتۆمبێلێكی مه‌لا سه‌لیم شوشكه‌یی، په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ سه‌ر لیستی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مووچه‌ی چه‌ند پاسه‌وانێك خواردووه‌ و پاسه‌وانه‌كانی‌ سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركردووه‌.

موقه‌ده‌م فازڵ حاجی، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر بۆ كوردستان24 گوتی: “له‌ رووی یاساییه‌وه‌ ئۆتۆمبێلی ده‌سه‌به‌رداگیراو‌ هیچ مه‌ڵه‌یه‌كی پێوه‌ناكرێت، تا دادگا ئه‌و كه‌یسه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، دادگای جێبه‌جێكردنیش ده‌سه‌ڵاتی فرۆشتنی هه‌یه‌ به‌ پێی یاسا”.

به‌گوێره‌ی نووسرای ژماره‌ “14671”ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌ولێر، ئۆتۆمبێلی ژماره‌ “331083 تایبه‌ت – هه‌ولێر” له‌ جۆری “كیا سۆرینتۆ ستێشن” كه‌ به‌ ناوی “سه‌لیم هه‌مزه‌ ساڵح”ه‌، گلدانه‌وه‌ی له‌سه‌ردانراوه‌ و له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، هیچ به‌ربه‌ستێك نییه‌ بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ رێگای دادوه‌رییه‌وه‌.

دوابه‌داوی ئه‌م نووسراوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌ولێر، فه‌رمانگه‌ی دادگای جێبه‌جێكردنی هه‌ولێر، ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی بۆ “مه‌لا سه‌لیم شوشكه‌یی” ناردوو و له‌ نووسراوه‌كه‌دا روونكراوه‌ته‌وه‌‌، كه‌ له‌جیاتی ئه‌و بڕه‌ قه‌رزه‌ی له‌لایه‌تی، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 3 رۆژدا بڕی پاره‌كه‌ بدات، ئه‌گه‌رنا ئۆتۆمبێله‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌كه‌ به‌ پێی مادده‌ی (69)ی یاسای جێبه‌جێكردن ده‌فرۆشن.

خواردنی مووچه‌ی پاسه‌وانه‌كان

هیمداد عه‌زیز قادر، كه‌ دانیشتووی شاری هه‌ولێره‌ و ماوه‌ی 11 ساڵ پاسه‌وان و وێنه‌گری “مه‌لا سه‌لیم شوشكه‌یی” بووه‌، بۆ كوردستان24 گوتی: “دوای ئه‌وه‌ی “مه‌لا سه‌لیم شوشكه‌یی” له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بووه‌ په‌رله‌مانتار، به‌ڵێنی به‌ من و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ دا، كه‌ وه‌كو پاسه‌وان دامانبمه‌زرێنێت، هه‌ر ئه‌و كات ناسنامه‌ی لێوه‌رگرتین و بریكارنامه‌یه‌كیشی پێكردین”.

گوتیشی: “مه‌لا سه‌لیم ئاگاداریكردمه‌وه‌، كه‌ به‌ فه‌رمی وه‌كو پاسه‌وانی تایبه‌تی خۆی دامه‌زراوم و مووچه‌كه‌ی له‌ به‌غدا بۆ هێنام، كه‌ 600 هه‌زار دینار بوو، بۆ ماوه‌ی 7 مانگ ئه‌و مووچه‌یه‌ی پێدام، دواتر گوتی ناوتان سڕاوه‌ته‌وه‌ و مووچه‌تان نه‌ماوه‌”.

هیمداد به‌ڵێكی سارده‌وه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی قه‌بووڵ كرد، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی زانیویه‌تی مووچه‌ی پاسه‌وانی په‌رله‌مانتارانی عێراق 915 هه‌زار دیناره‌، نه‌وه‌ك 600 هه‌زار، بۆیه‌ به‌گه‌ڵ “مه‌لا سه‌لیم” قسه‌ ده‌كات و داوای بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌كات، كه‌ “مه‌لا سه‌لیم” نه‌یداوه‌تێ و به‌ گوته‌ی هیمداد، فێڵی لێكراوه‌.

هیمداد ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، “بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاریه‌م په‌نام بۆ زۆر كه‌س برد، تا ئه‌و كێشه‌م بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا مه‌لا سه‌لیم نكۆڵی له‌وه‌ كرد، كه‌ لێبڕینی له‌ مووچه‌ی كردبێت‌، به‌ڵام دواتر دانی به‌وه‌ نا كه‌ پاره‌كه‌ی خواردووه‌”.

پاسه‌وانی “بندیوار”

هیمداد نه‌یزانیوه‌ وه‌كو پاسه‌وانێكی بندیواره‌ و مووچه‌كه‌ی له‌لایه‌ن كه‌سێكی دیكه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت، دوای ئه‌وه‌ی زایویه‌تی ناوی وه‌كو پاسه‌وان نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌ و مووچه‌كه‌ی هه‌ر به‌رده‌وامه، جارێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ “مه‌لا سه‌لیم شوشكه‌یی” ده‌بێته‌وه‌ ده‌مه‌قاڵێی و داوای مووچه‌ خوراوه‌كانی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام بێ هوده‌ ده‌بێت.

هیمداد ئاشكرای كرد، “په‌یوه‌ندیم به‌ به‌رپرسه‌كانی كۆمه‌ڵ كرد، كه‌ مه‌لا سه‌لیم كادیرێكی ئه‌و حزبه‌یه‌، به‌ڵام كه‌س پشتیوانی نه‌كردم، چوومه‌ لای هه‌ر یه‌كێك، خۆی لێ بێده‌نگ ده‌كرد”.

ئاشكراشی كرد، “له‌ رێگه‌ی كاك “عه‌بدولستار مه‌جید”، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵ، چوومه‌ لای مامۆستا “عه‌لی باپیر”، دوای گفتوگۆ و مشتومڕێكی زۆر، هه‌ردووكیان پێیانگوتم “عه‌یبی كه‌سێك دابپۆشه‌، خواش عه‌یبی تۆ داده‌پۆشێت”، هه‌ر چه‌ند هه‌وڵم دا، بێ ئه‌نجام بوو”.

هیمداد باسی له‌وه‌ كرد، “چوومه‌ لای ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی “كۆمه‌ڵ ئیسلامی”ی ئه‌وسا و “كۆمه‌ڵی دادگه‌ری”ی ئێستا، له‌گه‌ڵ كاك “ئیدریس سادق”، سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ قسه‌م كرد و ته‌واوی بابه‌ته‌كه‌ پێڕاگه‌یاند، كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی زۆر باسی گه‌نده‌ڵی ده‌كات، فه‌رموون ئه‌وه‌ “مه‌لا سه‌لیم شوشكه‌یی” كه‌ په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵه‌، مووچه‌ی منی خواردووه‌ و دواتریش وه‌كو بندیوار مووچه‌ی وه‌رگرتووه‌”.

باسی له‌وه‌ش كرد، “هه‌وڵدانم له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی كۆمه‌ڵیش بێ ئه‌نجام بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش چاوپۆشییان كرد و خۆیان بێده‌نگ كرد، له‌ هه‌موو لایه‌ك پێیان ده‌گوتم، “عه‌یبی كه‌سێك دابپۆشی؛ خواش عه‌بیب تۆ داده‌پۆشێت”،‌ ته‌واو بێئومێدیان كرد، بۆیه‌ په‌نام بۆ دادگا برد و سكاڵام له‌سه‌ر مه‌لا سه‌لیم تۆمار كرد”.

هیمداد دوو سكاڵای له‌سه‌ر “مه‌لا سه‌لیم شوشكه‌یی” تۆمار كردوو، سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و 7 مانگه‌ی كه‌ مووچه‌كه‌ی به‌ لێبڕینه‌وه‌ دراوه‌تێ، سكاڵایه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌و 10 مانگه‌ی كه‌ كه‌ پی گوتراوه‌ ناوی له‌ پاسه‌وانی سڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مووچه‌كه‌ی به‌ته‌واوه‌ی وه‌رگیراوه‌.

هیمداد روونیكرده‌وه‌، “له‌ دادگا ئه‌و كه‌یسه‌م له‌ مه‌لا سه‌لیم برده‌وه‌، كه‌ لێبڕینی مووچه‌ی 7 مانگه‌، هه‌ر مانگێك 315 هه‌زاری لێبڕیبووم، دادگا سه‌لماندی ‌مه‌لا سه‌لیم بڕی 2 ملیۆن و 205 هه‌زار دیناری لایه‌، بڕیاره‌كه‌ له‌ دادگای جێبه‌جێكردنی هه‌ولێره‌”.

روونیشكرده‌وه‌، “مه‌لا سه‌لیم پاره‌كه‌ی نه‌داومه‌ته‌وه‌، داوا ده‌سته‌به‌سه‌رداگرتنی موڵكه‌كانیم كرد، به‌ڵام هه‌موو موڵكه‌كانی له‌سه‌ر ناوی خۆی لابردوو، ناچار داوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئۆتۆمبێله‌ تایبه‌تییه‌كه‌یم كرد، ئێستا بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌كه‌م وه‌رگرت”.

پاسه‌وانی ئافره‌ت

دوو دۆسیه‌كی دیكه‌، كه‌ له‌ دادگا رووبه‌ڕووی “مه‌لا سه‌لیم شوشكه‌یی” كراوه‌ته‌وه‌، خاتوو “ژكاو محه‌مه‌د ره‌سول”‌، كه‌ كه‌سوكاری ئه‌نفال كراوانه‌ و دایك و باوكی له‌ ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ ئه‌نفال كراوه‌، مه‌لا سه‌لیم وه‌ك پاسه‌وانی تایبه‌تی خۆی ناوی تۆماركردووه‌، له‌ به‌غدا پاره‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام نه‌یداوه‌ته‌ “ژاكاو” و ته‌نانه‌ت ئه‌و كچه‌ نه‌یزانیوه‌، كه‌ وه‌كو پاسه‌وان دامه‌زراوه‌، بۆیه‌ دوو سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركردووه‌.

ژاكاو بۆ كوردستان24 گوتی: “سه‌ره‌تا مه‌لا سه‌لیم پێی گوتم وه‌كو راگه‌یاندكار داتده‌مه‌زرێنم، ناسنامه‌ی لێوه‌رگرتم و بریكارنامه‌یكی پێكردم، به‌ڵام مووچه‌ی پێنه‌دام، هه‌ر چه‌نده‌ رۆژانه‌ 8 كاتژمێر كاری پێ ده‌ركردم، هه‌رچی وتار و نووسین و كتێب و ڤیدیۆی هه‌یه‌، له‌ سایته‌كه‌ی دامده‌نا، به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌ میدیاییه‌كانی بووم”.

گوتیشی: “هه‌ر چه‌نده‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێك مه‌لا سه‌لیم گوتی “من پاسه‌وانی ئافره‌تم نییه‌، خۆ موعمه‌ر قه‌زافی نیم”، به‌ڵام زۆر دره‌نگ زانیم كه‌ منی وه‌ك راگه‌یاندكار نه‌نووسیوه‌، به‌ڵكو پاسه‌وانی تایبه‌تی ئه‌وم”.

ژاكاو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، “له‌ كۆی 19 مانگ، كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك بڕی 915 هه‌زاری به‌ناوی من وه‌رگرتووه‌، ته‌نیا 3 ملیۆن و 335 هه‌زاری داومه‌تێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ته‌شهیری پێكردووم، گوایه‌ وه‌كو هاوكارییه‌ك بووه‌ و كه‌سێكی “نابینا”م، واتا خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تم، له‌كاتێكدا رۆژانه‌ ماوه‌ی 8 كاتژمێر كارم بۆی كردووه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “مه‌لا سه‌لیم زیاتر له‌ 14 ملیۆن دیناری منی خواردووه‌، هه‌موو به‌ڵگه‌كانم له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وه‌رگرتووه‌ و پێشكه‌شی دادگام كردووه‌”.

ژاكاو ئاشكرای كرد، له‌لایه‌ن “عه‌بدولستار مه‌جید”ی په‌رله‌مانتاری كومه‌ڵ سووكایه‌تی پێكراوه‌، كه‌ پێیگوتووه‌ “بۆچی داوای پاره‌ی حه‌رام ده‌كه‌ی، تۆ كه‌سێكی گوناهباری، وه‌ره‌ 7 ملیۆنت پێده‌ده‌ین و چاوپۆشی له‌و داوایه‌ت بكه‌، با كه‌س پێی نه‌زانێت”، به‌ڵام من پێداگریم كرد و به‌رده‌وام له‌ داواكه‌ی خۆم”.

ئاشكراشی كرد، “كاك موسعه‌ب”ی پڕۆژه‌ی خێرخوازی له‌ كۆمه‌ڵ هه‌وڵی دا رازیم بكات، كه‌ بابه‌ته‌كه‌ بشارمه‌وه‌، دواتر ئه‌و كچه‌ی له‌ دادگا شایه‌تی بۆ دابووم، كاك “موسعه‌ب” پێی گوتووه‌، “چۆن شایه‌تی بۆ كه‌سێك ده‌ده‌ی، كه‌ له‌ حزبه‌كه‌ی خۆمان نییه‌”، ئێستا فشارێكی زۆرم له‌سه‌ر هه‌یه‌ به‌ 7 ملیۆن رازیم بكه‌ن و له‌ دادگا داواكه‌م بكشێنمه‌وه‌.

سه‌باره‌ت له‌ داواكه‌ی دیكه‌ی له‌ دادگا، “ژاكاو” روونیكرده‌وه‌، “سكاڵایه‌كی دیكه‌م له‌سه‌ر مه‌لا سه‌لیم تۆماركردووه‌، كه‌ ته‌شهیری پێكردووم، گوایه‌ من خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تم و وه‌كو “سه‌ده‌قه‌” پاره‌ی پێداوم، سكاڵاكه‌م له‌ دادگایه‌”.

روونیشكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وه‌ڵامی نووسراوێكی دادگایان داوه‌، كه‌ لیستی پاسه‌وانه‌كانی بۆ بنێرێت، له‌ نووسراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاشكرا بوو، كه‌ مه‌لا سه‌لیم جگه‌ له‌ من، ژنه‌كه‌ی و خوشكی ژنه‌كه‌شی وه‌ك پاسه‌وان نووسیووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نا، خه‌ڵكی دیكه‌شی تێدایه‌، كه‌ ئاگادار نین پاسه‌وانن.

ژاكاو ئاشكراسی كرد، یه‌كێك له‌وانه‌ی نه‌یزانیوه‌ په‌سه‌وانی تایبه‌تی مه‌لا سه‌لیمه‌، كوڕێكه‌ ناوی “ره‌وه‌ند”ه‌، به‌ڵام ئه‌و كوڕه‌یان رازی كرد، سولح بكات به‌ 2 ملیۆن دینار، “ره‌وه‌ند” داواكه‌ی كشانه‌وه‌، كه‌چی پاره‌كه‌شیان پێنه‌دا، ئێستا پارێزه‌ره‌كه‌ی “ره‌وه‌ند” داوای پاره‌ی لێده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كوڕه‌ پاره‌شی له‌ مه‌لا سه‌لیم وه‌رگرتبێته‌وه‌.

k24

ھەواڵی زیاتر