ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا

دوای کۆبوونەوەیان لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد.

لە سەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: “لە کۆبوونەوەکەماندا چەند بابەتێکمان باس کرد، لەوانە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا. هەروەها کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، و شەڕی تیرۆر و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش، و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دۆخی ناوچەکە بە گشتی، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەیان بووە”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرز دەنرخێنین و سوپاسی پشتگیری بەردەوامی بەریتانیا دەکەین، هاوبەشی گەلی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا 30 ساڵ بەر لە ئێستا لە چیاکانەوە دەستیپێکرد، لە نیسانی 1991 بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری 688 یان دەرکرد، بەریتانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەمان رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە کۆکردنەوە و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی نەوای ئارام و ناوچەی دژەفڕین، کە ئەو هەنگاوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێکی سەرەتایەکی نوێ بوو، لەوساوە تائێستا پەیوەندییمان لەگەڵ بەریتانیا لە هەموو قۆناغەکان بەردەوام بووە و هاوبەشیمان لە شەڕی داعش بەرفراوانتر بوو، سوپاسی بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەین”.

دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا گوتی: “ئامانجی سەرەدانەکەم رەنگدانەوەی گرنگی هەرێمی کوردستان و ئەو پەیوەندییە مێژووییەیە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا هەیە، ئێمە خۆشحاڵین بەو پەیوەندییە. ئێمە وەک بەریتانیا پابەندین بە پاراستنی ئەم هەرێمە”.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئاماژەئ بەوەشدا: “دەبینین لە کۆمەڵێک رێگەی جیاوازەوە ناوچەکە رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە، بەڵام سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش زۆر گرنگە”.

ھەواڵی زیاتر