د.باخان: لە سلێمانی هەڕەشەی کوشتنیان لێکردم و هەڵاتم بۆ هەولێر
باخان ئازاد، ئەو دکتۆرەی بە قسەی خۆی چەندین گەندەڵی کەرتی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجەی ئاشکراکردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە سلێمانیی بەرەو هەولێر جێهێشت و دەشڵێ: هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە.
د.باخان ئازاد بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند: “بەهۆی ئەوەی هەڕەشەم لێکراوە و بەردەوام پەیامم توندم بۆ دەهات، ناچار بە هەموو دۆسیە و بەڵگەکانمەوە سلێمانیم بەرەو هەولێر بەجێهێشت، چونکە ترسام وەکو زانای قایمقامی پێشوو بمکوژن”.
ئەو پزیشکە دەڵێ:” بە ئۆتۆمبێلێکی جیا 350 لاپەڕە بەڵگەی بوونی گەندەڵیم لەگەڵ خۆمدا هێناوە و رادەستی دادگا و لایەنی پەیوەندیدار و حکومەتیان دەکەم، هەروەها هەموو کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی و باڵیۆزەکانیشی لێ ئاگادار دەکەمەوە”.
دکتۆر باخان ئازاد، کە لە تەندروستیی پاریزگای هەڵەبجە دەوام دەکات، لە ڕۆژی 27ی نیسان باسی چەند شێوازێکی گەندەڵی کرد لە تەندروستی هەڵەبجە و هەموو قسەیەکی لەوبارەوە بۆ میدیاکان کرد.
دوای ئەوە چەند ڕۆژێک لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکرا و وەکو خۆی وتی:” سوکایەتییەکی زۆری پێ کراوە”.