وەزارەتی پێشمەرگە: پەکەکە چەکی سووک و قورسی دژی پێشمەرگە بەکارهێناوه

راگەیێندراوی ژمارە ۲ لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
لە ئەنجامی پەلامارەکەی ئەمڕۆ ٥ی حوزەیرانی ۲۰۲۱ لە چیای مەتین ـ سنوری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی پ.ک.ک وە دەستدرێژیەکی بێ پاساویان کرایە سەرو لەئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون.
لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەبووە، وەک هەر ناوچەیەکی تری سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جوڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات.
لێرەوە داوادەکەین، حکومەتی عێراق بەخێرایی بێتە سەر خەت و رێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگیرێت. هەروەک داواش لە هێزەکانی پەکەکە دەکەین، رێز لە سنوور و سەروەری خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە.

ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، سەرکۆنەی توندی ئەم پەلامارە دەکەین و هۆشداریش دەدەین، کە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، رەوشی لەوجۆرە ناخوازێت و دەبێ دەستدرێژیەکانی پەکەکە و هەموو پەلامارو دەستدرێژیەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت، کە ئەرکی سەرەکی پێشمەرگە لەئێستادا پاراستنی خاکی هەرێم و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشە.
پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم پەلامارە دەکەین و شیفای خێراش بۆ برینداران دەخوازین.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٥ی حوزەیرانی ۲۰۲۱

ھەواڵی زیاتر