ئەمڕۆ پێنجشەممە 3 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە گەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدرالی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پرۆسەی دانوستانی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدرالی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدرالی 2021 کرا و ئەنجامی سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندی دانوستانکار بۆ بەغدا خرایەڕوو.
شاندی دانوستانکار دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانیان خستەڕوو تایبەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجە لە بواری نەوت و داهاتی نانەوتی، کە لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە کرا و ئاماژەش درا بە ڕێککەوتنی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدرالی و هەرێم کە ڕێککەوتوون لەسەر میکانیزمی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کە لە یاسای بودجە بۆیان دیاریکراوە بە پێی تایبەتمەندییان، بەم شێوەیە ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێتەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج نەکات کە لە یاسای بودجە و خشتە هاوپێچەکانی ئاماژەی پێدراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی تر جەخت کرایەوە کە هەرێم پابەندە بە یاسای بودجە ولەبەرامبەریشدا، پێویستە حکومەتی فیدرالی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم خەرج بکات .