ئەمریکا 7 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات تەرخان کرد بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەی “رێکخراوی ئەلقاعیدە لە وڵاتی مەغریب”.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتێکی دارایی بە بەهای 7 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات تەرخان کرد لەبەرامبەر پێدانی زانیاری کە ببێتە هۆی دیارکردنی شوێنی ئەبوعوبەیدە یوسف عەنابی، سەرکردەی “رێکخراوی ئەلقاعیدە لە وڵاتی مەغریب”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رایگەیاندراوێکدا گوتی، ئەو داواکراوە کە بەناوی یەزید موبارەک ناسراوە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 بووە سەرکردەی ئەو رێکخراوە لە شوێنی عەبدولمالک دروکداڵ، کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی پار لە باکووری مالی کوژرا.
راگەیاندراوەکە ئەوەشی زیاد کرد، “هانی هەر کەسێک دەدەین کە زانیاری هەبێت لەسەر ئەبوعوبەیدە یوسف عەنابی و ناردنی نامەیەک بۆ بەرنامەی “خەڵات لەپێناو دادوەری” و هەموو پەیوەندی و زانیارییەکان بە نهێنی دەمێنێتەوە”.
وەزارەتەکە ئاماژەشی پێدا، ئەبوعوبەیدە یوسف، بەر لەوەی ببێتە سەرکردەی ئەو رێکخراوە چەند پۆستێکی باڵای لەنێو ئەو رێکخراوە گرتووەتە دەست، روونیشی کردەوە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2015ەوە خراوەتە لیستی ئەمریکا بۆ تیرۆریستە جیهانییەکان و لە مانگی شوباتی ساڵی 2016ەوە خراوەتە لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.