چاوەڕواننەكراو.. پەڵە هەورێك لە ئاسمانی مەریخدا دەركەوت

تیمی پسپۆڕانی تایبەت بە گەڕۆكی (كریۆسیتی) سەرقاڵی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەن لەسەر ئەو گرتە و وێنانەی گەیشتوونەتە دەستیان و تیایدا، وەك پسپۆڕان دەڵێن، شەپۆڵی ناوازەو چاوەڕوان نەكراوی بارستە هەوری جیاجیا لە ئاسمانی ئەو هەسارەیەدا دەركەوتوونە!

پسپۆڕان دەڵێن، ئاسمانی هەوراویی دووبارە بووەوە لە ئاسمانی وشك و بەرگە هەوای تەنكی ئەو هەسارەیەدا حاڵەتێكی زۆر دەگمەنە، لە هەمان كاتدا ئەگەر هەوریش دەربكەوێت ئەوا زیاتر لە ئاسمانی ناوچەكانی هێلی كەمەریدا دەردەكەوێت، بە تایبەتیش لە ساردترین كاتەكانی ساڵدا، كاتێك مەریخ لە دوورترین خاڵ دەبێت لە خۆر، بەڵام بەم دواییە زانایان تووشی سەرسوڕمانییەكی زۆر بوون بە دەركەوتنی بارستەی هەورو بە شێوەیەكی دووبارە بووەوە لە چەند رۆژێكدا، كە بە گوتەی زانایان ئەمەی ئێستا حاڵەتێكی چاوەڕوان نەكراوە!

لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە ئاسمانی سەرووی گەڕۆكی كریۆسیتیدا، یەكەم كاروانی ئەو هەورانە دەركەوتن كە بەرزو تەنك بوونەو لە كریستاڵی سەهۆڵیی ئاو پێكهاتبوون، ئەوانەش هەرگیز دیاردەی دابارین لە (باران و بەفرو تەرزە) یان لێ ناكەوێتەوە، بە تایبەتیش چەند گرتەیەك لەكاتی ئاوابوونی خۆر و شكانەوەی تیشك لەنێویان و دەركەوتنی چەندین رەنگی سەرنجڕاكێش لەنێو ئەو بارستە هەورانەدا كە بەڕاستی بوونە مایەی سەرسامی و دڵخۆشی پسپۆڕانی سەرپەرشتیاری ئەو گەڕۆكەو تەواوی زاناو بگرە ئارەزوومەندانی فەلەكناسیش لە جیهاندا.

دوای شیكردنەوەی نوێ بۆ ئەم بارستە هەورانە، زانایان گەیشتنە راستییەكی نوێی شاردراوە ئەویش بەرزیی ئاستی ئەو هەورانە كە دەركەوت زیاترە لە پێوانەكانی پێشتووتر، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی، هەورەكانی ئاسمانی مەریخ لە بەرزایی 60  كیلۆمەتر لەسەر ئاستی رووی هەسارەكەدا بەرزتر نابنەوەو بەشێك لە پسپۆڕان پێیان وایە،ئەو جۆرە هەورانە لە سەهۆڵی ئاو پێكهاتوون، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێكی دیكە پێشبینی دەكەن كەوا ئەو هەورانەی لە رێگەی كامێراكانی گەڕۆكی كریۆسیتییەوە وەرگیراون زۆر بەرزن، لەوێش پلەكانی گەرما یەگجار زۆر نزمن، بۆیە رەنگە پێكهاتەیان ئاو نەبێ بەڵكو گازی دووانۆكسیدی كاربۆنی بەستوو بێت كە ناسراوە بە (بەفری وشك)، بۆیە، پسپۆڕان ئێستا لێكۆڵینەوەی زیاتر  لەسەر ئەو وێنانە دەكەن تا دڵنیا ببنەوە ئاخۆ ئەم بارستە هەورانە لە سەهۆڵی ئاو یان دووانۆكسیدی كاربۆن پێكهاتوون.

وەرگێڕانی : ئەژی چەتۆ حەسەن  / بەشی راگەیاندن

سەرچاوە: سایتی NASA

ھەواڵی زیاتر