حكومەت پەیڕەوێكی بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، بەپێی پەیڕەوەكە بەرپرسانی حكومی و پەرلەمانتاران دوای خانەنشینبونیان تەنیا بۆ ماوەی یەك ساڵ پاسەوانیان پێدەدرێت، وەزیر لەكاتی خزمەتدا 10 پاسەوانی دەبێت، پەرلەمانتار 3 پاسەوان، پارێزگار 3 پاسەوان، دادوەر 2 پاسەوان، ئەو كەسانەی پاسەوانی بەرپرسان دەكەن، نابێت چیتر كاری باخدارییو ئشوكاری ماڵەوە بۆ بەرپرسەكانیان بكەن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە.
چاكسازی لە بواری پاسەوانی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیڕەوێكی بۆ رێكخستنی بواری “پاسەوانی” ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، ئەم پەیڕەوە بە پشتبەستن بە یاسای چاكسازی ئامادەكراوە، واتە بۆ رێكخستنەوەی ئەم بوارە، حكومەت دەسەڵاتی لە پەرلەمانەوە وەرگرتووە.
بواری پاسەوانیی، كە پاسەوانی (بەرپرسان، بارەگا فەرمی و حزبییەكان، بارەگای نوێنەرایەتی وڵاتانی دەرەوە) دەگرێتەوە، یەكێكە لەو بوارانەی كە لە هەرێمی كوردستان گومانی گەندەڵی گەورە لەسەرە، بەتایبەتی پاسەوانی بەرپرسان.
بەشێك لە پاسەوانان لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەرپرسانەوە بۆ كاری تایبەتی بەكاردەهێنرێن،
لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، هەوڵێكی تر درا بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانی، بەڵام هەوڵەكە تەنیا وەزارەتی پێشمەرگەی گرتەوەو شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بە فەرمانێك ژمارەی پاسەوانی بەرپرسانی سەربازیی بەمشێوەیە رێكخستنەوە:
• فەرماندەی لیوا: (6) پێشمەرگە وەك پاسەوانو شۆفێر
• مقدم لیوا: (4) پێشمەرگە وەك پاسەوانو شۆفێر
• فەرماندەی فەوج: (4) پێشمەرگە وەك پاسەوانو شۆفێر
• جێگری فەرماندەی فەوج: (2) پێشمەرگە وەك پاسەوانو شۆفێر
• هەیئەی لیوا: (2) پێشمەرگە وەك پاسەوانو شۆفێر
ئەوە پەیڕەوەی ئێستا ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە بۆ رێكخستنەوەی بواری پاسەوانیی، دواین هەوڵەو لەچوارچێوەی یاسای چاكسازیدایە و گشتگیرترە.