فەرمانگەی خزمەتگوزاریی 8ی حەسارۆک لە شاری هەولێر، دەستدەکات بە وەرگرتنی مامەڵەی خاوەن زەوییەکانی ئەو کەرتە و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ هاووڵاتییان وێنەی تۆمار و چەسپاندنی سنوور لەگەڵ فۆڕمێکی تایبەتدا هاوپێچ بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢/٦/٢٠٢١ فەرمانگەی 8ی حەسارۆک لە کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانییەوە تاوەکو 2ی پاشنیوەڕۆ بۆ وەرگرتنی ڕێپێدانی خانوو مامەڵەی هاووڵاتییان وەردەگرێت.
هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی کە سەردانی فەرمانگەکە دەکەن، پێویستە وێنەی تۆمار و چەسپاندنی سنووری زەوییەکەیان لەگەڵ فۆڕمی تایبەتدا هاوپێچ بکەن بۆ کارئاسانی بەڕێکردنی مامەڵەکانیان.
گەڕەکی هەشتی حەسارۆک زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەوی پێک دێت و ماوەی زیاتر لە شازدە ساڵە بێ خزمەتگوزارییە، لە ماوەی ڕابردوودا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو گەڕەکەی کرد و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری راسپارد و ئێستاش فەرمانگەی 8ی حەسارۆک لەناو زەوییەکان کراوەتەوە بۆ وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییان.