کۆسرەت ڕەسول عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی بەبۆنەی 46ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەیەوە رایگەیاند، ئەرکە لەسەرشانی هەموومان یەکێتی بپارێزین و ڕێگەنەدەین لە شاڕێگای خۆی لابدات، دەبێت یەکێتی پێشەنگی خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکی کردن لە دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، یەکێتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە دامەزراو خەباتی کرد بۆ زامنکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ گەلەکەمان، ئەمڕۆ و بەیانیش دەبێت هەر لەم پێناوە خەبات بکات و پێشەنگی دیموکراسی و چاکسازی بێت و نەبێتە بەشێک لە هەوڵدان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین و چەوساندنەوەی خەڵک و حوکمڕانیەکی ناتەندروست و ناسەقامگیر.
پەیامی کۆسرەت ڕەسول عەلی لە (٤٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەکەم و هیواخوازم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیران و تەنگژەکان، بەتایبەتی کە هێشتا ناوچەکە لەژێر مەترسی دایەو تیرۆرستان مەترسییەکانیان بەردەوامە.
ئەمڕۆ چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئەو یەکێتییەی لەدوای نسکۆی شۆڕش و بێ ئومێدی گەلەکەمان دامەزراو لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان دەستی بە خەبات کردەوە، بێ ئومێدی گەلەکەمانی گۆڕی بۆ بەرگری کردن و ڕزگارکردنی کوردستان لە دڕندەترین ڕژێمی فاشیست و دیکتاتۆر، بە هەموو لایەکی گوت تا کوردێک مابێت خەبات بەردەوامەو پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەرانی گەلەکەمان بەرگری دەکەن و بست بە بستی ئەم خاکە دەپارێزن.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی تەنها شۆڕشیان هەڵنەگیرساندەوە، بەڵکو خەباتیان کردو قوربانیان دا تا لە ساڵی ١٩٩١ ڕابەرایەتی ڕاپەڕینمان کردو کوردستانمان لەبەعسی فاشیست پاککردەوە، یەکەم هەڵبژاردن لەکوردستان ئەنجامدراو کورد بووە خاوەنی حوکمڕانی هەڵبژێردراوی خۆی، بەردەوام بووین تا رووخانی ڕژێمی بەعس و ئازادکردنی عێراق لە حوکمی دیکتاتۆری و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی عێراقێکی فیدرالی دیموکراسی، هەموو ئەوانە یەکێتی ڕابەرو پێشەنگی بوو.
کوردستانیانی خۆشەویست…
ئەمڕۆی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەران و شەهیدە قارەمانەکانمانە، ئەو کەڵەپیاو و جوامێرانەی ژیان و گیانی خۆیان کردە قوربانی گەلەکەمان، بۆیە ئەرکە لەسەرشانی هەموومان یەکێتی بپارێزین و ڕێگەنەدەین لە شاڕێگای خۆی لابدات، دەبێت یەکێتی پێشەنگی خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکی کردن لە دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، یەکێتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە دامەزراو خەباتی کرد بۆ زامنکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ گەلەکەمان، ئەمڕۆ و بەیانیش دەبێت هەر لەم پێناوە خەبات بکات و پێشەنگی دیموکراسی و چاکسازی بێت و نەبێتە بەشێک لە هەوڵدان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین و چەوساندنەوەی خەڵک و حوکمڕانیەکی ناتەندروست و ناسەقامگیر.
جارێکی تر پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەرو تەواوی کوردستانیان دەکەم.
کۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان