دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەواڵی “شەهید”بوونی دوو پێشمەرگەی راگەیاند و دەڵێت: “لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی لەگەڵ چەکدارە بەکرێگیراوەکانی رژێمی پەتوسێدارە تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی رێگای ئازادی بوون”.
شەوی رابردوو لەسەر رێگای سەری مەیدان لەنێوان پیرانشار و مهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و سوپای پاسداران روویداوە.
پێشتر سایتێکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە: “تیمێکی سەر بە حدکا کەوتوونەتە کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و دوو لە ئەندامانی حدکا بە ناوەکانی هادی شێخە و ئەیوب سوڵتانی کوژراون”.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیێندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، رێکەوتی 8ی جۆزەردانی 1400ی هەتاوی تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر جادەی مەهاباد ـ پیرانشار نزیک ئاوایی لکبن دەکەونە بەر هێرشی بەکرێگیراوانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامدا دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی هادی شێخە خەڵکی پەسوێ و ئەیوب سوڵتانی خەڵکی ئاوایی خورینج سەر بە شارستانی پیرانشار بەداخەوە شەهید بوون”.