مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی فەرەنسی کرد

ئەمڕۆ سێشەممە 25 ی ئایاری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی فەرەنسی کرد کە پێکهاتبوو لە فرانسواز دوما سەرۆکی کۆمسیۆنی بەرگری نیشتمانیی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا، فیلیپ مایەر و گوێندال ڕۆیلارد ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی فەرەنسا، برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەولێر.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاووتوێ کرا.
شاندی فەرەنسی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی دۆستایەتی و پەیوەندی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە و ستایشی هەوڵە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە خواستێکی بەهێزی چاکسازی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینین، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ پشتگیریی و درێژەدان بە پشتیوانی حکومەتی هەرێم.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامیی حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد کە هەمیشە لە قۆناغە جیاواز و سەختەکاندا پشتیوانیان لە گەلی کوردستان کردووە، بە تایبەتی لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش. ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لە گەڵ فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەت فیدراڵی، گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و گرنگیی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆیان، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

ھەواڵی زیاتر