راگەیەنراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ۱۰ی پیادەی پێشمەرگەیاندا لەبەرزاییەکانی (زورگەزراو) لەسنوری میحوەری پێنج. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ درایەوە و تیرۆریستان راونران.
لێرەوە رایدەگەینین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە سازو ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە ناشێوێنیت.
پێشتر چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە. بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنی یە، کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بۆ ئەمەش جەختدەکەینەوە کە ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگی گشتگیرو هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عیراقدا.
بەتیرۆریستان رادەگەینین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی دەبێت بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیایش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت.
پرسەو سەرەخۆشی لەخانەوادەی شەهیدانی سەنگەری بەرگری نیشتمان دەکەین و سەلامەتی و شیفای خێراش بۆ برینداران.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
۱ی ئایاری ۲۰۲۱

ھەواڵی زیاتر