قوتابخانەکان دەکرێنەوە و گەشتکرن بۆ ھندستانیش ڕاگیرا

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.

بڕیاره‌كانی به‌یانی ژماره‌ 17ی 2021ی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا:

یه‌كه‌م: كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ پاش جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز و دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ته‌ندرووستی و راده‌ی كاریگه‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دووه‌م: راگرتنی هاتوچۆ له‌ ته‌واوی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و گشت یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان له‌ كاتژمێر (12:00)ی شه‌وی كۆتا رۆژی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز تا كاتژمێر (12:00)ی شه‌وی سێیه‌م رۆژی جه‌ژن.

سێیه‌م: قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردن بۆ هیندستان بۆ هاووڵاتی عێراقی و قه‌ده‌غه‌ی هاتنه‌وه‌ له‌ هیندستان بۆ كه‌سی بیانی له‌ رێگای ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وانه‌ی له‌ دوای 20ی نیسانی 2021، سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌ و ئه‌و عێراقیانه‌ی له‌ هیندستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان جیابكرێنه‌وه‌ و پشكنینی وردیان بۆ بكرێت له‌ لایه‌ن تیمه‌ پزیشكییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی به‌ مه‌به‌ستی دڵنیابوون له‌ تووشنه‌بوونیان به‌ كۆرۆنا و كه‌ره‌نتین ده‌كرێت بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی ده‌ستنیشانی كردووه‌.

چواره‌م: لیژنه‌ی باڵا، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی راسپارد به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی رێنمایی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ (10) رۆژی كۆتایی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز و رێوڕه‌سمه‌كانی ئایینی له‌ مزگه‌وته‌كاندا.

پێنجه‌م: یانه‌ و كافتریا و رێستورانت و شوێنی یارییه‌كان نابێت نێرگله‌یان تێدا بكێشرێت و هه‌ر شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت یه‌ك هه‌فته‌ داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌ی 5 ملیۆن دینار سزا ده‌درێت.

شه‌شه‌م: به‌رده‌وامبوونی رێكاره‌كانی به‌یانی ژماره‌ (15)ی ساڵی (2021) مادده‌كانی (4،5،6،7،9،10،11،12،13،14،15).

حه‌وته‌م: دوای مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆده‌بێته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی بڕیاردان له‌سه‌ر چه‌ند رێكارێكی خۆپارێزی و رێكخستن و داخستنی چه‌ند شوێنی گشتیی و تایبه‌ت له‌ پێناو كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كان و درێژه‌دان به‌ پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌.

هه‌شته‌م: ئه‌م به‌یانه‌ له‌ 1ی ئایاری 2021، كاتژمێر (08:00)ی شه‌و جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر