بە بەشداریی سەرۆک مەسعود بارزانی و چەند بەرپرسێکی دیکەی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرس و فەرماندەی سەربازیی خانەنشینبووی ئەمریکی، وێبنارێک لە رێگەی ئینتەرنێت لەبارەی 30 ساڵەی یادی راگەیاندنی “هەرێمی نەفڕین” بەڕێوەدەچێت.
کۆنفرانسەکە رۆژی چوارشەممە 28ی نیسان کاژێر 5ی ئێوارە بە کاتی هەولێر بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیاییە و گوتارەکان دەگوازێتەوە.
قسەکەرەکان:
– سەرۆک مەسعود بارزانی
– هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
– جەیمس بەیکەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا
– برێت مەکگۆرک، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
– فەرماندە جۆن ئەبیزەید، فەرماندەی خانەنشینی سوپای ئەمریکا
– فەرماندە جەی گارنەر، فەرماندەی خانەنشینی سوپای ئەمریکا
– فەرماندە جەیمس جۆنس، فەرماندەی خانەنشینی سوپای ئەمریکا
– بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا
ئەم مانگە 30 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر راگەیاندنی هەرێمی نەفڕین، کە ساڵی 1991 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستپێشخەری هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا دەرکرا. بڕیاری 688 بووە چەترێک، سەتان هەزار کورد کە لەترسی کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیابارانێکی دیکە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق روویانکردبووە ناوچە شاخاوییەکان، لە سایەیدا حەسانەوە.
دوای کۆڕەوی بەهاری ساڵی 1991، سەدام حوسێن هێلیکۆپتەر و تانکەکانی لەدژی کورد بەکارهێنا کە لەدژی رژێمەکەی راپەڕیبوون. خەڵک ترسیان هەبوو سەدام حوسێن جارێکی دیکە چەکی کیمیایی لە دژی 2 ملیۆن خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکاربێنێت، بۆیە بەشی زۆریان بەرەو ناوچە شاخاوییەکان لەسەر سنووری تورکیا و ئێران هەڵاتن، خەڵک لەو ناوچانە گیریانخوارد، بەشێکیان بەهۆی ماندوێتی زۆر و برسێتییەوە گیانیان لەدەستدا و نەخۆشکەوتن.
لەکاتێکدا خەڵک هیچ هیوایەکیان نەمابوو، لە سەرەتاکانی مانگی نیسان ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی “هەرێمی نەفڕین” راگەیێندرا، لەژێر چەتری ئەو کردە دیپلۆماسییەدا یارمەتی مرۆیی گەیێندرایە خەڵکی گیرخواردوو. ئەمریکا لەم نێوانەدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو.
راگەیاندنی” ناوچەی دژە فڕین” بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک کوردی لە هێرشی ئاسمانی پاراست، بڕیارەکە بەردەوامبوو تاوەکو لە 2003دا رژێمی سەدام لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کۆتایی پێهێنرا.
ئۆپەراسیۆنە سەربازی و مرۆییەکە بووە خاڵێکی وەرچەرخان و دەستپێکی هەلومەرجی نوێ لەبەردەم هەرێمی کوردستان. کورد سوودی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت؛ پەرلەمان و حکومەتی تایبەت بە خۆی دامەزراند .
ناوچەی نەفڕین و ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نەوای ئارام چۆن روویدا؟
سەرما و برسێتی و ترس لە کۆمەڵکوژی، پێناسەی ئەو دۆخەی کوردانی ئاوارەی باشووری کوردستان بوو کە لە کۆڕەوی 1991 دوای راپەڕینی جەماوەری باشووری کوردستان، لەترسی هێرشی سوپای عێراق رایانکردە چیاکان لە سنووری رۆژهەڵات و باکووری کوردستان.
بڵاوبوونەوەی چەند دیمەنێکی تراژیدیا میدیای جیهانی هێنایە سەر سنوورەکان، رۆژانە چیرۆکیان لەسەر برسێتی، سەرما، ترس و دڵەڕاوکێ و گیانلەدەستدانی دەیان منداڵ، گەنج و پیری کورد بڵاودەکردەوە. دوای کاریگەربوونیان بە دیمەنەکان، زلهێزەکانی جهیانی هەڵوێستیان وەرگرت، فەرەنسا پێشنیازی هەرێمی نەفڕینی پێشکێشکرد، ئەمریکاش بۆ پاراستنی کورد سووربوو لەسەر پشتیوانییەکانی بۆ دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش. لەوکاتەشدا، بەرەی کوردستانی سەرقاڵی دانوستاندن بوون لەگەڵ بەغدا، زلهێزەکانی جیهانیش، ئەو جووڵەیان تەنیا وەک دانوستاندنێکی کاتی پێباش بوو، گومانیشیان لە نیازەکانی سەدام حوسێن هەبوو ، بۆیە داوای سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد.
دەیڤد هانای، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوکات گوتی: “ئەگەر ئەمە بەشداری لە سەقامگیریی دۆخەکەدا بکات، ئەگەر هەستی سەلامەتی و ئاسایش بداتە ئاوارە و پەنابەری کورد، باوەڕی ئەوەیان لا دروست بکات دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، ئەوە شتێکی باش دەبێت”.
تۆماس پێکەرینگ، باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گومانەکانی خۆی خستەڕوو و گوتی “پێموایە دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین چی دەبێت، چونکە لە رابردوودا سەدام حوسێن ئەو رێککەوتنانەی شکاندووە کە هەبووە و مێژوو بەم جۆرە دووبارە بووەتەوە”.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەوکاتە پاراستنی کورد، گرنگترین هەنگاوبوو، دۆگلاس هارد، وەزیری دەرەوەی پێشووی بەریتانیا گوتی: “ئێمە دەمانەوێت کورد هەست بە سەلامەتی بکەن، بەم هەوڵانە بتوانن لە کامپەکانەوە بگەڕێنەوە بۆ گوندو شارەکانی خۆیان.”
لە بەهاری 1991دا لە یەک کاتدا کار بۆ بڕیاری 688، هەرێمی نەفڕین و دانوستاندنی بەغدا و بەرەی کوردستانیش دەکرا. ئەوانە بۆ ئەوە بوون، ئاوارەکان دڵنیابن لە گەڕانەوە بۆ باشووری کوردستان، دوای بڕیارەکەش سەربازانی ئەمریکا و بەریتانیا لە زاخۆوە چوونە ناو سنوورەکانی باشووری کورستان. فەرماندە سەربازییەکان هەوڵیان دا هەوڵە دیپلۆماسی و مرۆییەکانیان بکەنە جێگەی متمانەی ئەو کوردانەی پەنایان بۆ چیاکان بردبوو.
بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە 5ی نیسانی1991 دەرکرا و بە هەوڵی فەرەنسا و پشتیوانیی بەریتانیا، ئەمریکا و رووسیاش، ناوچەی نەفڕین سەپێنرا و باشووری کوردستان و باشووری عێراقیشی گرتەوە، کە دیمەنی ئاوارەبوونی خەڵکی باشووری کوردستان هۆکارێکی سەرەکی ئەو بڕیارە گرنگە جیهانییە بوو لە بەرژەوەندی کورد. ناوچەکەش وەک هەرێمی نەفڕین مایەوە تاوەکو رووخانی رژێمی بەعس لە ئاداری 2003.
rudaw