مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی وارماوای سەر بەبەشی پۆلیسی شارەزوور، لەدوو ڕوداوی جیاوازداو پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، شەش ئافرەتیان بەتۆمەتی ئەنجامدانی دزیکردن دەستگیرکرد.
پاش ئەوەی ھاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە بڕی ١٠ ملیۆن دیناری لەناحیەی عەربەت لێ دزراوە، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو توانرا چوار ئافرەت لەناحیەی سەیدسادق و عەربەت بەتۆمەتی دزینی پارەکە دەستگیر بکرێن و دەستیشگیرا بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا کە دزیبویان.
لەلایەکی دیکەوە مەفرەزەکانی پۆلیس دوو تۆمەتباری ئافرەتیان لەماڵێکدا لەناحیەی وارماوا دەستگیرکرد کە بەنیازبون کەلوپەل و پارە لەو ماڵە بدزن.
سەرجەم تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٤ لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.