وەزارەتی ئەوقاف بە توندی وەڵامی ئانۆ جەوهەر دەداتەوە

وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی وەڵامی لێدوانێکی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەداتەوە کە وتبووی” نوێژکردن داوای لێبوردنی ناوێت و داوای لێبوردن ناکەین”.

ئانۆ جەوهەر، کەسێکی مەسیحیە و لەبارەی نوێژی قیامە وتبووی” چەند کەسێکی کەم چوونەتە کەنیسەکان و پەیڕەوی رێنماییەکانیش کراوە”.

دەقی وەڵامەکەی بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف

وەڵامێک بۆ کاک ئانۆ

ئەمیر عوسمان مولود

بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینی

‎بڕیاری لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆڕۆنا دەڵێت: ( دەرگای گشت شوێنە ئایینیەکان دادەخرێت) هەر بۆیەش بە قفڵ و کلیل سەرجەم شوێنە ئایینیەکان دەرگاکانیان داخست واتە تێگەیشتنی هەموو پەیڕەوانی ئایینەکان و دەزگاکان ئەوەبوو کە نابێت  لە یەک کەس زیاتر بچێتە ناو ئەم شوێنانە، لەبەرئەوەی قەداسی جەژن کە لە تی ڤی گواسترایەوە خەڵکانێکی زۆر هێرشیان کردە سەر حکومەت و لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆڕۆنا کە گوایە جیاوازی لەنێوان ئایینەکان دەکرێت، واتە ئەم بابەتەی کە وروژێنراو ڕای جیاوازی لێکەوتەوە بەهیچ جۆرێک پەیوەست نەبوو  بە خوانەخواستە  ڕق و قینەیێکی نێوان ئایینەکان بە تایبەتی (ئیسلام و مەسیحی) چونکە ئێمە لە کوردستان مێژویێکی جوانمان تۆمارکردووە لە پێکەوەژیان لەگەڵ ئایینە جیاوازەکان و هەموومان بەیەکەوە خاوەنی ئەم خاکەین و کەس لە کەس موفەزەلتر نیە و هاتنی قەداسەتی پاپاش و ئەو پێشوازیە گەرمەی لێی کرا و  لە باوەشگرتنی خەڵکی کوردستان بۆ ئاوارەکان ئەمانە گەواهیدەرن.

‎لە ئەنجامی ئەم هەڵە تێگەیشتنە لە نێوان بەشێک لە هاوڵاتیان لە بەرامبەر حکومەت و لێژنەی باڵا و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مەسیحیەکان ڕوونکردنەوەیەکی داوە وەک فەرمانگەیێکی حکومی لە وەزارەتێک کە پڕە لە مانای لێبوردەیی و لەئاستی هەموو جیهان لە کۆنفڕانس و کۆنگرەکان بانگهێشت دەکرێت، بۆ ئەوەی داوای لێبوردن لە هەر کەسێک بکات کە بە هەڵە لە بڕیاری حکومەت یان لێژنەی باڵا  تێگەیشتووە.

‎واتە ئەم بەڕێوەبەرایەتیە نە لە بری مەسیحیەکان و کەنیسەکان وە نە داواشی لە کەس کردووە داوای لێبوردن بکات لەم بابەتە.

‎بەداخەوە کەسانی وەک (کاک ئانۆ ) کە دەگوترێت  لێرەو لەوێ خۆی فکرەی داخستنی شوێنە ئایینیەکانی ھەبووە بە مطلقی، دێت بە جۆرێکیتر ئەم بابەتە تەفسیر دەکات و دەیەوێت تازە بە تازە فێرمان بکات مومارەسەی ئایینی لە کوردستان پێویستی بە لێبوردن نیە؟ ئاخر برا کێ گوتویەتی نوێژکردن داوای لێبوردنی دەوێت؟

‎بۆیە کەسانێک کە تێگەیشتنیان لە کاروبارەکان و بابەتەکان نەبێت پێویست ناکات بۆ موزایەدە قسە بکەن، وە لە نەتیجەی بێ ئەزموونی ئەم جۆرەکەسانە هەر ڕۆژێک کێشەیێک بۆ هەرێمەکەمان دروست بکەن !! هەروەها تەداخولی هەموو کارەکان بکەن هەرچەندە کە ئیشی ئەوانیش نیە.

‎ پێکەوەژیان و ئازادی ئایینی لە کوردستان لە سایەی خوێنی شەهیدان هە ڵوێستی مرۆڤ دۆستانە ی هاونیشتیمانیان هەردەم نموونەیێکی جوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە ھەرواش دەمێنێتەوه

ھەواڵی زیاتر