پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

بەبۆنەی پەسەندکردنی بوجەی عێراق و دەستنیشانکردنی پشکی کوردەوە، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی پەسەندكردنی بودجە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستخۆشی لە گشت لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان دەكەم. هەروەها سوپاسی شاندی حكوومەتی هەرێم و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و فڕاكسیۆنەكانی تری ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەم كە بە ماندووبوون و هیمەت و پێداگرییانەوە توانیان لەگەڵ یەكتر بگەنە ئەنجام و بەشی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی عێراقدا جێگیر بكەن.

پەسەندبوونی بودجەی عێراق هەنگاوێكی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستە و هیوای ئەوە دەخوازین كە دەستپێكێك بێت بۆ بەهێزكردنی بنەماكانی دیالۆگ و پێكەوەژیان و هەروەها گەڕاندنەوەی بنەماكانی شەراكەتی نێوان پێكهاتەكانی عێراق.

مسعود بارزانی

٣١ـی ئاداری ٢٠٢١

ھەواڵی زیاتر