دوای گرژییکانی پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێی وتەبێژەکەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و کۆششی تەواو دەدات لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و زامنکردنی بژێویان و دەستەبەرکردنی ئارامی و خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان. بەڵام بەداخەوە کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دوور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بە کار دەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن وەک ئەوەی بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان کە ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە کاری پەرلەمانی و باشترین پەیوەندیشی لە گەڵ دامەزراوە دەستوورییەکان و پەرلەمانی کوردستان هەیە. چاوەڕوانى ئەوەشى هەیە پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا، هەڵسوکەوت بکەن و بەرگری لە مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکەن.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژى فەرمی حکومەتى هەرێمى کوردستان