دوو یەکێتی!

لەحەفتاکانەوە تا ئەمڕۆ، یەکێتی وەک هێزێکی نەتەوەیی و سیاسی و دیار لەباشوری کوردستان و ناوچەکەدا دەرکەتووە. لەسەرەتای دەرکەوتنییەوە تا ژیان ئاوایی مام جەلال. یەکێتی خەونی لەسەر مێژوو و باوەڕییەکانی دەچنی. پەیکەری حزبی لەبواری سیاسی و سەربازی، لەسەر بنەمای لێ هاتوویی جێگیر دەکرد. ‘خانووە قوڕەکان”ی ئەوکات، لەجیات چێشتخانە گران بەهاو ئاپارتمان و مەزرەعەو ڤێلاو کۆمپانیاکانی ئێستا بوون. چینی خوێندەوارو رۆشنبیرو سیاسی، رێبەرایەتی بەرێوەبردنی عەقلی یەکێتی بوون. ساڵ لەدوای ساڵ، نەشونمای لەهەموو بوارەکاندا دەکرد. بەو رەفتارو باوەڕیانە، زیندانەکانی هەژاندو دەستکەوتی گەورەو بەرهەمی زۆری نەتەوەیی و نیشتیمانی لێکەوتەوە.
بەڵام دوای ماڵئاوایی مام و بەتایبەتر دوای دواهەمین کۆنگرەی یەکێتی، یەکێتی، لەپڕ بوو بەیەکێتیەکی تر. کە لەهەندێک سێکتەردا، مەبدەئو مێژوو، وجودی نەما. لەجیات پڕەنسیپی لێ هاتوویی بوو بە سیحری نزیکی و خێزانی و خزم خزمێنە. یەکێتی دووەم، واتا یەکێتی ئێستایە، کە بۆ هەندێک کۆمپانیایەکی بەنرخە.
ئاخۆ لەدوای کۆنگرەوە تا ئێستا، لەبواری سیاسی و پەیوەندیە دبلۆماسییەکان و میدیادا، چەند پێشکەوتن روویداوە؟
تاکە کەسێکم پێ بلێن، ئەگەر دەیان جار نەهاتبێتە بەردەرگای بەرپرسەکان و بەدەیان دوعاو نزا، ئینجا پۆست و پلەی پێدراوە، وەک ئەوەی کەخۆتان دەتانەوێ، نەوەک حزبەکە پێویستی بەچیە؟
لەدوای دواهەمین کۆنگرەوە تا ئێستا، پێم بلێن گەر بچوکترین کێشەی کۆمەڵایەتیمان چارە کردبێ؟ یاخود دیاریدەیەکی نادروستمان بنەبڕکردبێ، کەوەک لەپێشتردا، دەیان ئەزموون و مێژووی لەو بابەتانە لەنێو یەکێتی هەبوون.
رای ئەو هێزە زۆرەی کادیران و هەوادارانتان بیست؟، “تەنانەت لەهاتنی پاپاش، هەر بینەربووینە”.
جگە لەهێنانەدی مەرامە زاتییەکان، لەچ بابەت و پرسێکی سیاسی، لەدوای کۆنگرەوە، براوەبووینە؟
چەند پێشمەرگەی دێرین و ماڵە شەهید، لەنێو نیگەرانیدا نغرۆ بوونە؟
هەست دەکەن، بۆ دەرهەق هاتنی ئەم قۆناغە، تواناو ئەقل و سەرکردایەتی بەهێزترمان پێویستە؟
تاکە رەخنە لەیەکێتی یەکەم، مەحکومە، بەوەی کە نەیانتوانیووە، یەکێتیەکی گەورەتر لەخۆی، لەدوای خۆی دروست بکات؟
پرسیار ئەوەیە، ئەم رەفتارو هەنگاوانەی ئێستای یەکێتی، لەکوێ دەکەوێ و لەکوێ کۆتایی دێت؟ ئاخۆ لەکوێدا یەکێتیە راستەقینەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ وەڵامدەرەوە دەبن؟! لێناگەڕێن، یەکێتی وەک پاشکۆو بینەر بمێنێتەوە! لێ ناگەڕێن، خەبات و سەروەرییەکانی دوێنێ، چیتر تەخشان و پەخشان بکرێت!

سامان جەلال – پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری میدیا

ھەواڵی زیاتر