وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم بەهۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆڵێکی ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەرجەم چاڵاکییەکان راگرت.
لەوبارەیەوە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “ماوەیەکە بەشێوەیەکی خێرا و بەرچاو شەپۆلێکی تری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوەتەوە، بەپێی هۆشدارییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بێت لە ماوەیەکی کەمدا لەکۆنتڕۆڵ دەردەچێت”.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لەچوارچێوەی هەڵمەتی خۆپارێزیدا، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی ئۆرگانەکانی پەیوەست بە سێکتەرەکانی کاروباری وەزارەتمان ئاگاداردەکەنەوە کە هەمو جۆرە چالاکی و گردبونەوەیەک ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێنمایی نوێ دەردەکات”.
بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم دوای ئەوە دێت کە بڕیار وایە ئەمڕۆ سێشەممە لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت رێکاری توندی خۆپارێزی بگیرتەبەر.