مەڵبەندی 2ـی یەکێتی لە کەرکوک ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە، یەکێتی نەیتوانیوە رەزامەندی لە ئیدارەی کەرکووک بۆ سازدانی ئاهەنگی نەورۆز وەربگرێت، دەڵێت، ویستی کەرنەڤاڵ، ئاهەنگ، کۆڕ و کۆبوونەوەیان هەبێت لە ناو شاری کەرکوک، هێز نییە بتوانێت رێگری لێ بکات.”
نووسینگەی راگەیاندنی لێپرسراوی مەڵبەندی 2ـی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ “لەبەر هەستیاریی بارودۆخی تەندروستی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە باشمان زانی هیچ ئاهەنگ و کەرنەڤاڵێک نەکەین لە یادی نەورۆزدا.” لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە دەکەن، “داوای رەزامەندیمان لە هیچ کەس و لایەنێک نەکردووە بۆ ئاهەنگ، کەرنەڤاڵ، یادەکانی نەورۆز، راپەڕین و سەری ساڵی کوردی.” روونکردنەوەکە دوای ئەوەهاتووە، نووسراوێک بەناوی لێپرسراوی مەڵبەندی 2ـی رێکخستنی کەرکووک بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ئەوە نووسراوە کە دوای هەوڵیان نەیانتوانیوە رەزامەندی بۆ ئاهەنگی نەورۆز و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر قەڵای کەرکووک بەدەستبهێنن، بۆیە “پێمان باشە ئاهەنگی جەماوەری لە سنووری تەقتەق ساز بکەین.” راگەیێندراوەکە دەڵێت، ئەو نووسراوە ساختەیە. 21ـی ئاداری ئەمساڵ، بەهۆی رێکارەکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاهەنگی نەورۆز بەشێوەی فەرمی لە کەرکووک نەکرا.