سزای زیندانی تاهەتایی بۆ ژنە فەرماندەیەکی کورد دەرچوو

دادگای تورکیا سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر چیچەک کۆبانی، شەڕڤانی یەپەژەدا سەپاند.

ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، دوێنی لە دادگای سزا قورسەکان لە شاری روحای باکوری کوردستان، دانیشتنی دادگاییکردنی (دۆزگین تەمۆ) ناسراو بە چیچەک کۆبانی شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەژە)، بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکەدا پارێزەری چیچەک کۆبانی رایگەیاند، چیچيک ئەو کاتەی دەستگیرکراوە چەک و تەقەمەنی پێ نەبووە و ئەو خەڵکی سوریایە و هیچ چالاکییەکی دژی تورکیا ئەنجام نەداوە، بۆیە داوا لە دادگا دەکەن ئازادی بکات.

لەئەنجامی دانیشتنەکەدا، دادگا بڕیاریدا سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی، بە تۆمەتی تێکدانی یەک پارچەیی وڵات و یەکییەتی دەوڵەت بەسەر چیچەک کۆبانیدا بسەپێنێت.

چیچەک کۆبانی شەڕڤانی یەپەژە رۆژی (21/10/2019) لە کاتی هێرشێکی وڵاتی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، لە گوندی (مشرەفا)ی سەر بە شاری (عەین عیسا) لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە دەستگیرکرا و لەو رۆژەوە لە شاری روحا لە باکوری کوردستان زیندانیکراوە.

ھەواڵی زیاتر