مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق کرد

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڤێسا هاککینن باڵیۆزی فینلاند لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی فینلەندا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021 تاووتوێ کرا.
باڵیۆزی فینلاند، وێراى دووپاتکردنەوى سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنى داعش، بەردەوامیى پشتیوانیی فینلەنداشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە .
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتیوانیی فینلەندای لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، زیاتر گەشە بسەنێت و فراوانتر ببێت، بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا .
هەڵبژادنەکانی داهاتووی عێراق و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە دەڤەرەکە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

ھەواڵی زیاتر