پەرلەمانتارێک بە تۆمەتی هاوڕەگەبازی سکاڵا لەسەر ڕێکخراوێک تۆماردەکات

ڕۆژی‌ دووشه‌ممه‌، 15ی‌ 2ی‌ 2021، عومه‌ر گوڵپی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، پاش سه‌ردانیكردنی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ داواكاری‌ گشتی له‌ سلێمانی‌‌و جوڵاندنی‌ سكاڵای‌ یاسایی له‌ دژی‌ ڕێكخراوێك‌و هاووڵاتیه‌كی‌ بێگانه‌ كه‌ دژی‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ڕه‌وشتییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ كاریان كردووه، قسه‌ی‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندن كرد‌.

له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌یدا، عومه‌ر گوڵپی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ، ڕایگه‌یاند:” ئه‌مڕۆ سه‌ردانی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ داواكاریی‌ گشتیمان كردو له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاك حاكم مه‌هدی‌، سه‌رۆكی‌ فه‌رمانگه‌و مافناسانی‌ تری‌‌ فه‌رمانگه‌كه‌ گفتوگۆی‌ ئه‌رك‌و ڕۆڵی‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ داواكاری‌ گشتیمان كرد، به‌تایبه‌ت به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ كاری‌ فه‌رمانگه‌و مافناسه‌كانی‌ ده‌ڕوانین بۆ به‌رگریكردن له‌ مافی‌ گشتی‌‌و جه‌ختمان له‌سه‌ر زیادكردنی‌ ڕۆڵیان كرده‌وه‌ له‌ پاراستنی‌ مافه‌ گشتیه‌كان له‌ هه‌موو بوارێكدا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ گرنگ بوو ئه‌وه‌بوو كه‌ وه‌كچۆن جوڵاندنی‌ سكاڵا له‌ دژی‌ ئه‌وانه‌ی‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ ئه‌م وڵاته‌و قاچاخچێتی‌ ده‌كه‌ن‌و له‌ زه‌ویوزار ته‌جاوز ده‌كه‌نه‌ سه‌ر موڵكی‌ گشتی‌‌و سوته‌مه‌نی‌ خراپ به‌ سه‌ر خه‌ڵكدا ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ جوڵاندنی‌ سكاڵا له‌ دژی‌ ئه‌و كه‌س‌و لایه‌ن‌و گروپانه‌ی‌ كه‌ دژی‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و به‌ها ڕه‌وشتییه‌كان‌و ژیانی‌ خێزانی‌ كار ده‌كه‌ن گرنگه‌، و پێویسته‌ فه‌رمانگه‌و دادگاو دامه‌زراوه‌كان له‌م ڕوه‌وه‌ ڕۆڵی‌ خۆیان بگێڕن، چونكه‌ وه‌كچۆن كه‌سانێك چاویان بڕیوه‌ته‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ ئاوا كه‌سانێكیش چاویان بڕیوه‌ته‌ ڕه‌وشت‌و به‌ها باڵاكان‌و له‌ خشته‌بردنی‌ لاوان‌و گه‌نجانی‌ ئه‌م میلله‌ته‌و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ لێمان ده‌ده‌ن، هه‌ربۆیه‌ چاوه‌ڕوانی‌ زۆرمان له‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ داواكاری‌ گشتی‌ هه‌یه‌ له‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو دهۆك‌و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان‌و ڕاپه‌ڕین، تا به‌رگریی‌ له‌ شیرازه‌ی‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ن‌و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ئه‌م گه‌له‌ ڕووبه‌ڕووی‌ نه‌خۆشییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكرێته‌وه‌”.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتی‌:” له‌م بواره‌دا ئه‌مڕۆ ساكاڵای‌ یاساییمان له‌دژی‌ ڕێكخراوێك به‌ناوی‌ ڕێكخراوی‌ (ڕاسان) جوڵاند كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌ركی‌ خۆیان له‌ به‌رگریكردن له‌ ژنانه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ هاوڕه‌گه‌زبازی‌ و هاندانی‌ گه‌نجان‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاریی‌ له‌م بواره‌دا، هه‌روه‌ها سكاڵای‌ یاساییمان له‌ دژی‌ كه‌سێكی‌ نامۆو نه‌ناسراو جوڵاند كه‌ دوو ساڵه‌ به‌ ناوێكی‌ ساخته‌ له‌ كوردستان خۆی‌ ناساندووه‌و لێدوانی‌ پێچه‌وانه‌ به‌ بنه‌ماكانی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌دات، و چاوه‌ڕوانین له‌هه‌ردوو كه‌یسه‌كه‌دا دادگا به‌رگری‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ڕه‌وشتییه‌كانی‌ بكات”.

هه‌ر له‌باره‌ی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌وه‌، عومه‌ر گوڵپی‌ وتی‌:” به‌دواداچوونمان كردووه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان‌و، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ فێڵی‌ له‌ فه‌رمانگه‌كه‌ش كردووه‌، و لای‌ ئه‌وان‌ خۆی‌ وه‌ك ڕێكخراوێكی‌‌ به‌رگریكار‌ له‌ ژنان‌و مافه‌كانیان ناساندووه‌، به‌ڵام ئێسته‌ كارێكی‌ تر ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مانیشه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مجۆره‌ كه‌سانه‌ مۆڵه‌تیان لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌و هه‌ركه‌سیش هاوكاریانه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ سزا بكرێته‌وه‌”.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌ونووسییه‌دا ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ په‌رله‌مان ئاماژه‌ی‌ به‌ زۆربوونی‌ ئاماره‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌ كرد به‌ به‌راورد به‌ ئاماره‌كانی‌ هاوسه‌رگیریی‌ له‌ كوردستان، وتی‌:” ڕاسته‌ به‌شێك له‌ هۆكاری‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ خێزانه‌كان هۆكاری‌ هه‌ژاری‌‌و نه‌بوونیه‌، به‌ڵام به‌شێكیش بۆ كه‌مته‌رخه‌می‌ دامه‌زراوه‌كان‌و ئه‌و هێرشه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سان‌و ده‌زگای‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر به‌ها كۆمه‌لایه‌تییه‌كان‌و ژیانی‌ خێزانی به‌هۆی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌‌و سۆشیه‌ڵ میدیا، یاخود به‌هۆی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ی‌ كه‌ ده‌درێنه‌ شوێنه‌كانی‌ كات به‌سه‌ربردن كه‌ بۆ مه‌به‌ستێك ده‌درێت به‌ڵام بۆ مه‌به‌ستی‌ تر به‌كارده‌هێنرێت، بۆ نمونه‌: هێندێك یانه‌ی‌ شه‌وانه‌ به‌سه‌رپێچی‌ له‌ یاساكان‌ وه‌ك شوێنی‌ له‌شفرۆشی‌ كار ده‌كه‌ن، كافتریا كه‌ بۆ سه‌رو هه‌ژده‌ ساڵه‌، به‌ڵام هێندێك له‌ خاوه‌ن كافتریاكان به‌سه‌رپێچی‌ یاسایی‌ ڕێگه‌ به‌ منداڵانی‌ خوار هه‌ژده‌ ساڵ ده‌ده‌ن، یان شوێنه‌كانی‌ مه‌ساج له‌ هۆتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌ییه‌كان هێندێكیان وه‌ك شوێنی‌ له‌شفرۆشیش كار ده‌كه‌ن، یاخود كردنه‌وه‌ی‌ ده‌یان شوێنی‌ قومار له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یاسا، نمونه‌ی‌ تریش له‌م سه‌رپێچیانه‌ زۆرن كه‌ هانده‌رو یارمه‌تیده‌ری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ شیرازه‌ی‌ خێزانین‌و له‌ خشته‌بردنی‌ هاوسه‌رانی‌ گه‌نجن”.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌داو له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ ڕۆژنامه‌ونووساندا، عومه‌ر گوڵپی‌ وتی‌:” هاوڕه‌گه‌زبازی‌ دژه‌ به‌ بنه‌ماو شه‌ریعه‌تی‌ ئاینه‌ ئاسمانییه‌كان، دژه‌ به‌ هه‌موو ژیرییه‌كی‌ ته‌ندروست، دژه‌ به‌ هه‌موو سروشتێكی‌ ته‌ندروست‌و ساغ، و ئه‌وانه‌ی‌ لادانی‌ له‌مجۆره‌یان هه‌یه‌ ئه‌بێت بخرێنه‌ ژێر ڕێنمایی‌ چاره‌سازی‌ ته‌ندروستی‌‌و ده‌روونی‌‌و په‌روه‌ده‌ییه‌وه‌ تا ڕه‌فتاری‌ خواریان ڕاست بكرێته‌وه‌”.

له‌ كۆتاییدا عومه‌ر گوڵپی‌ وتی‌:” به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ هێندێك بواردا پێویستمان به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاساكان هه‌یه‌، 

 و ده‌بێت په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كان كار بكه‌ن بۆ پاراستنی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، ئه‌گه‌رچی‌ دزی‌ له‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ میلله‌ت ده‌بێته‌ هۆی‌ برسیكردنی‌ خه‌ڵك، به‌ڵام هه‌ركات سنوری‌ بۆ دانرا، ئه‌وه‌ستێنرێت و كۆتایی‌ پێ دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌وشت‌و به‌ها باڵاكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان‌و ژیانی‌ خێزانیمان دزرا ئه‌وسا به‌هیچ شتێك قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، كێشه‌كان دره‌نگتر چاره‌سه‌ر ده‌بن‌و تێچووی‌ زیاتریشیان هه‌یه‌، میلله‌تان به‌ ڕه‌وشت‌و به‌ها باڵاكانه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی‌ هه‌موو كه‌سێكه‌ ئاین‌و ئایدۆلۆجیاكه‌ی‌ هه‌رچی‌ بێت كه‌ پارێزه‌ری‌ به‌ها باڵاكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كان‌و ژیانی‌ خێزانی‌ كۆمه‌ڵگه‌و پاراستنی‌ هه‌رزه‌كاران‌و گه‌نجان بێت”.

ھەواڵی زیاتر