ئەو کارانەی کە ترەمپ دەتوانێت بیانکات و زیان لە بایدن بدات

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

هەرچەندە ئەنجامە بەراییەکان نیشانیانداوە کە بایدن لە ترەمپی بردووەتەوە. بەڵام تا ئێستاش دۆناڵد ترەمپ ئامادەنییە دان بە شکستی خۆیدا بنێت و سوورە لەسەر ئەوەی کە سکاڵا تۆماربکات. بەڵام لەگەڵ دۆڕانەکەشیدا هێشتا دەتوانێت ماوەی 70 ڕۆژی تر وەکو سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکان بمێنێتەوە بە هەموو دەسەڵاتەکانییەوە.
ترەمپ لەم ماوەیەی لەپێشیدا ماوە دەتوانێت چەندین کاری گەورە و کاریگەر بکات. لەوانە، دەرکردنی لێخۆشبوونی گشتی بۆ هاوڕێکانی، لەکارلادانی گەورە بەرپرسانی ئاساییشی نیشتمانی و ئاژانسە هەواڵگرییەکان، دەرکردنی بڕیاری جێبەجێکاری و ئەو بڕیارانەشی کە دەکرێت کاریگەری گەورەیان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەبێ.

بەپێی میدیا ئەمریکییەکان، یەکێک لەو کارانەی کە دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت لەم ماوەیەدا بیکات و ببێتە مایەی نیگەرانی بۆ ئیدارەی جۆ بایدن، بریتییە لە بێ ئەنجامکردنی کار و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیدارەکانی پێشوو لە عێراق و ئەفغانستان، بە تایبەتیش لە کاتێکدا کە ئیدارەی ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکان هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دەکرد لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

لە بارەی ئەفغانستانیشەوە، مانگی تشرینی یەکەمی ئەمسال ترەمپ لە تویتێکدا نووسیبووی ” هەموو ئەو ٤ هەزار و ٥٠٠ سەربازە ئەمریکییەی لەو وڵاتە ماونەتەوە، تاوەکو سەری ساڵی نوێ دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەمریکا”.
ترەمپ تا ٢٠ی کانوونی دووەمی 2020 دەتوانێت فەرمانی جێبەجێکاری دەربکات بۆ کشانەوەی سەربازەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان، بەڵام جۆ بایدن دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، دەتوانێت فەرمانەکە بگۆڕێت.

بەڵام هۆشداری ئەوە دراوە کە ئەگەر ترەمپ فەرمانی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق دەربکات، بەشداریی سیاسیی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی دێت.

لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، ماوەی کارکردنی هەموو بەرپرسەکانی ئیدارەکەشی کۆتایی دێت، بەڵام ئەو گەورە بەرپرسانەی کە پێگەی گرنگ و هەستیاریان لە ئاژانسە هەواڵگریی و ئەمنییەکاندا هەیە، لە کارەکانی خۆیان بەردەوام دەبن، لەوانە، کریستۆفەر ڕەی، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕالی FBI کە ترەمپ خۆی کاندیدی کردبوو پێش ئەوەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی پەسەندی بکات.

دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکاری:
ماوەی حەفتا ڕۆژ لە بەردەستی ترەمپدا ماون کە بتوانێت وەکو سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی جێبەجێکاری دەربکات.
ئەو فەرمانە جێبەجێکاریانەش دەتوانێت کاری ئیدارەی بایدن قورس بکات. لە نێویشیاندا، ترەمپ دەتوانێت پڕۆگرامی “داکا” هەڵبوەشێنێتەوە.

پڕۆگرامەکە لە ساڵی 2012 لەلایەن باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەستیپێکرا کە لە چوارچێوەیدا ٧٠٠ هەزار کۆچبەری گەنج داڵدەدراون و پەناگەیان بۆ دابینکراوە کە پێشتر مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەر بوو.
ساڵی 2017، دۆناڵد ترەمپ کە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بە یەکێک لە سیما دیارەکانی سیاسەتەکەی دادەنرێت، هەوڵیدا پرۆگرامەکە بە پاساوی “نایاساییبوون” هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام دادگەی باڵای وڵاتەکەی هیچ پاساوێکی یاسایی نەبینی بۆ ئەو کارە و بڕیاریدا پڕۆگرامەکە وەکو خۆی بمێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر