ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی ئۆكتۆبهر، ئیدارەی گەرمیان چەند ڕێنماییەکی لەبارەی تەندروستی ناوچەکەوە بڵاوکردەوە و تێیدا جارێکی تر جەخت له بڕیارهكانی پێشووی دهكاتهوه و ڕایدهگهیهنێت، كه ڕێگە بە دانانی پرسە و ئەو بۆنە کۆمەڵایەتییانە نادرێت کە قەرەباڵغی دروستدەکەن.
دەقی بڕیارەكه:
1- ھەڵمەتی ھۆشیاری بەرفراوان لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی ئەنجامبدرێت بۆ خۆپارێزی لەلایەن ھاوڵاتیانەوە.
2- بڕیاردرا لیژنە تایبەتمەندەکان گەڕان و چاودێرییەکانیان چڕبکەنەوە و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بازاڕ و تەواوی شوێنکارەکان لەلایەن کاسبکاران و خاوەنکارەکانەوە بگیرێتەبەر.
3- چاودێریکردنی ناوەندەکانی خوێندن و باخچەی ساوایان و قوتابخانە ئەھلییەکان و پابەندکردنیان بە گرتنەبەری ڕێکارەکانی خۆپارێزی.
4- گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی لە مزگەوتەکاندا بە جۆرێک موسڵمانان پابەندبن بە خۆپارێزی.
5- جەختکردنەوە لە رێگەنەدان بە دانانی پرسە و ئەو بۆنە کۆمەڵایەتیانەی قەرەباڵغی دروستدەکات.
ئهم بڕیارانهی ئیدارهی گهرمیان لهكاتێكدایه، كه لە 24ی ئەم مانگەدا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تیایدا ئهوه هاتبوو، كه هەر مارکێت و ڕێستۆرانتێک ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی هاوڵاتیان بدات بێ بەستنی دەمامک، ئەوا شوێنەکە بۆ ماوەی 10ڕۆژ دادەخرێت و خاوەنی شوێنەکەش بڕی 1ملیۆن دینار پێبژاردن دەدات.