ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و تاوتوێی دۆخی ناوچەکەیان کردووە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی شەممە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە. ئەم گفتوگۆیە چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی ڕوویداوە. لەو کۆبوونەوەیەدا بژاردەکانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان لە ناوچەکەدا باسیان لێوە کراوە.
ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە باس لەو فشارە سیاسیانە دەکات کە ڕووبەڕووی هەردوو سەرکردە دەبنەوە. لە لایەکەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوە خولی ئەمریکا، ترەمپ ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی خراپی ئابووریی دوای شەڕ و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، دوای هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، نەتانیاهۆ ڕووبەڕووی دانوستانی درێژخایەن دەبێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ وردەکاری زیاتری سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ بڵاونەکردەووەتەوە.