ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، نیکۆڵاس مادۆرۆ، سەرۆکی دەستگیرکراوی ڤەنزوێلا لە زیندانێکی ئەمریکا خەریکی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و ئینجیلە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە. دوای ئەوەی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنێزوێلایان لە پایتەختی وڵاتەکەی دەستگیرکرد، ئێستا خەریکی خوێندنەوەی کتێبە ئایینییەکانە.
بەپێی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز، ئێستا مادورۆ بەشێکی زۆری کاتەکانی بۆ خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و ئینجیل تەرخانکردووە و لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیی بەندیخانەکە، لەوانە قەشەیەک و ڕابایەکی جوولەکە کۆبووەتەوە.
مادورۆ پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە ڕەچەڵەکی خێزانەکەی بۆ جوولەکە سەفاردییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام نزیکەکانی دەڵێن تا کاتی دەستگیرکردنی بە ئاشکرا نەیوتووە پابەندە بە جوولەکەوە. لە هەمان کاتدا پێشتر پەیڕەوی ئایینی کاتۆلیک بووە و پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ شوێنکەوتووانی ڕێبەری ڕۆحیی هیندی ساتییا سای بابا هەبووە.
مادورۆ تەمەنی 63 ساڵە پێش دەستگیرکردنی سیستەمێکی خۆراکی تایبەتی هەبووە، ئێستاش بە خواردنی بەندیخانە کێشێکی زۆری لەدەستداوە و بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە.
بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا مادورۆ و هاوسەرەکەی جارێکی دیکە دادگایی بکرێن بە تۆمەتی ئاسانکاریکردن بۆ قاچاغچییەتی هەزاران تۆن کۆکاین بۆ ناو ئەمریکا و چەندین تۆمەتی دیکەی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ و ئەشکەنجەدان.