قاچێک لە هەولێر و قاچێک لە بەغدا

ڕێبین فەتاح

سیاسەتی قاچێک لە حکوومەت و قاچێک لە ئۆپۆزسیۆن؛ قاچێک لە هەولێر و قاچێک لە بەغدا، کە ئێستا یەکێتیی نیشتمانی پێڕۆیی دەکات، پێش هەر شتێک، شکستی هێزەکە لە مامەڵەکردن لە ناوخۆی هەرێم و لە پێوەندیی لەگەڵ بەغدا دەردەخات.

کاتێک هێزێکی سیاسی گوتارێکی یەکگرتووی نییە و پێڕۆیی لە دووگوتاریی دەکات، مانای ئەوەیە لە بنەڕەتدا ڕووئیا و بەرنامەیەکی نییە.

زووتر، بڕیاردەرانی یەکێتی پێداگیرییان لەسەر نامەرکەزیەتی دارایی دەکرد. لەدۆخێکدا داهاتی سلێمانی ناتوانێت پێویستییەکانی سنوورەکە لە مووچە و بودجەی پڕۆژەکان پڕ بکاتەوە. چار و ناچار دەبێت بۆ هەولێر بگەڕێتەوە.

گوتاری (نامەرکەزیەتی دارایی)، ئەگەر لە بانگەشەدا گەرم و زیندوو بوو، لە واقیعدا بە مردوویی لەدایک بوو.

پاش شکستی گوتاری نامەرکەزیەتی دارایی، بڕیاردەرانی یەکێتی هەوڵەکانیان لەپێناو گواستنەوەی بەشەبودجەی سلێمانی بۆ سەر بەغدا چڕکردووەتەوە.

ئەو بادانەوەیە، لە باشترین حالەتدا گواستنەوەیە لە پاشکۆیەتی هەولێرەوە بۆ پاشکۆیەتی بەغدا.

هێزێکی کوردستانی نەتوانێت لەناوخۆی هەرێمدا پێگەی بەهێزی خۆی بپارێزێت، مەگەر لە بەغدا بە یا لەیلێ خۆی بلاوێنێتەوە.

بەپێی میدیاکان، یەکێتی پێشنیازی کردووە کە نەوت و گازی سنوورەکەی، بە ڕێگەی ئێران بفرۆشرێت. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، دیسان بیرۆکەیەکی بێئەنجامە. نەک لەبەرئەوەی ئێران بەخۆی لەژێر گەمارۆدایە، بەڵکوو لەبەرئەوەی ڕادەستکردنی سلێمانی بە ئێران بژاردەیەکی قبوڵکراو نییە لەئاست ئەمریکایشەوە.

یەکێتی سیاسەتێکی هەڵەی لەبەرگرتووە. دابڕاندنی سلێمانی لە هەولێر(وەک پایتەختی سیاسی و ناوەندی حوکمڕانی هەرێم)، ئەوەندەی دی سلێمانی گۆشەگیرتر و پەراوێزخراوتر دەکات.

بەهاناوەهاتنی بەغدا بۆ یەکێتی و بە جیا مامەڵەکردن لەگەڵ سلێمانی، بیرۆکەیەکی پووچە. ئاسان نییە بۆ بەغدا بەسەر حکوومەتی هەرێمدا باز بدات و مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی سلێمانی بکات.

گریمان بەغدا بە ڕاستەوخۆیی مامەڵەی لەگەڵ یەکێتی و سلێمانی کرد. هێزێک نەتوانێت گوشار لەسەر شەریک و هاوپەیمانەکەی لەناوخۆی هەرێم دابنێت، کامانان کارتەکانی گوشار بەدەستییەوە کە دەتوانێت ملی بەغدای پێ بگرێت؟!

یەکێتیی نیشتمانی ئەوەندە کاریگەرییەی لە حکوومەتێکدا نەبێت کە نیوەی دەسەڵاتەکانی پێکدێنێت و نیوەی قەڵەمڕەوی هەرێمەکەش لە دەستی خۆیدا بێت، بە چ لۆژیکێک دەتوانێت گوشار لەسەر بەغدا دابنێت و گرەنتی پابەندێتیی بەغدا بە خواستی خۆی و ناوچەی ژێردەسەڵاتی بکات؟

ھەواڵی زیاتر