ململانێی ئێران و ئیسرائیل لەسەر شنگال و نەناردنی مووچەی هەرێم

ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی بەڕێوەبردن و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، کاردانەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، زۆربەی وڵاتان پاڵپشتیی لەو رێککەوتنە دەکەن و بە بەیاننامەی فەرمی پێشوازییان لێیکردووە، لەوانە ( ئەمریکا، تورکیا، ئیسرائیل، فەرەنسا، ئوردن، میسر، نەتەوە یەگکرتووەکان و رێکخراوی قەیرانی نێودەوڵەتی..هتد)، بەڵام دوو سێ لایەن دژی رێککەوتننامەکەن ( پارتی کرێکارانی کوردستان –پەکەکە و حەشدی شەعبی ) بە ئاشكرا دژایەتی ڕێککەوتنەکە دەکەن و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ناڕاستەوخۆ کاردەکات بۆ سەرنەکەوتنی ئەو ڕێککەوتنە.

حەشدی شەعبی کە هێزێکی چەکداری عێراقی نزیک لە ئێرانە، بە ئاشکرا دژی ڕێککەوتنەکەیە، کازم سەیادی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی مەواتن کە کەسایەتییەکی شیعەیە و پاڵپشتی حەشدی شەعبی دەکات، ئەو ڕێککەوتنە بە خیانەتی مستەفا کازمی وەسف دەکات و  لە فەیسبووک نووسیویەتی”  باڵیۆزی ئەمریکا بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 کازمی و بارزانی خەڵاتکردووە و ( شنگال، ئامرلی، دووزخورماتوو، دەشتی نەینەوا و کەرکووک)ی گەڕاندووەتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

هاوکات کۆما جڤاکێن کوردستان ( کەجەکە )ش لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا دژایەتی خۆیان بۆ ڕێککەوتنەکە دەربڕی و ڕەتیانکردەوە هیچ ڕێککەوتنێک قبووڵ بکەن کە ئەوانی تێدا نادیدە بگیرێ.

ئێران هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات

دوو ڕۆژ لەمەوبەر حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی ئەو 320 ملیار دینارە دەربڕی کە بە پێی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەبێ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بنێرێ، بەڵام حەشدی شەعبی و ئێران، دەیانەوێ ئەو پارەیە وەکو کارتێکی گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن و ئێستا بوونەتە لەمپەر لەبەردەم ناردنیدا، لەکاتێکدا دەبوو ڕۆژی یەکشەممە پارەکە بگات، بەڵام تا ئێستا نەنێردراوە. ئەمەش ئەو گوشارەیە کە ئێران و حەشد خستوویانەتە سەر هەرێمی کوردستان و تا ئێستاش کازمی بە ناچاری کەوتووەتە ژێر باری.

بۆچی شنگال بووەتە گرفت؟

حکومەتی بەشار ئەسەد و ئیسرائیل لەبارەی بەرزاییەکانی (جۆلان)ەوە ڕێککەوتوون و تەنیا ڕاگەیاندنی فەرمی ماوە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، سووریا بەیەکجاری دەستبەرداری جۆلان دەبێ. ئێستا تاکە شوێن کە لە دەرەوەی هەژموونی ئیسرائیل بێت و بتوانرێت لێیەوە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە ئەمنیەتی ئیسرائیل بکرێت، شنگالە. چونکە لە شنگالەوە مووشەک دەگاتە خاکی ئیسرائیل، پێشتریش ئەوە ڕوویداوە و حکومەتی سەدام حوسێن کردوویەتی.

ئیسرائیل نایەوێ شنگال لە دەستی حەشدی شەعبی و پەکەکە دابێ، چونکە ئەو دوو هێزە هەردووکیان لە ئێرانی نەیارییەوە نزیکن، ئەم ڕێککەوتنەی هەولێر و بەغداش لەسەر شنگال، ڕەنگە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە سەپۆت کرابێ.

بەرهەم ساڵح پەیامی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان پێیە

نەناردنی 320 ملیار دینارەکە لە بەغداوە و دروستبوونی کێشە لەسەر شنگال، سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کۆدەکاتەوە. بڕیارە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقیش بەشدار دەبێت، بە گوێرەی زانیارییەکان، بەرهەم ساڵح، پەیامی ئێرانی لەبارەی ڕێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا لەسەر شنگال بۆ هەولێر هێناوە.

پەکەکە و حەشد بە قائیمقامە کوردەکەی شنگال ڕازی نابن

بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، قائیقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال هەڵدەبژێردرێت کە ئێستا خاوەنی دوو قایمقامە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی باڵکێش، کاندیدێک بۆ پۆستی قائیمقامی نوێ دیاریکراوە کە کوردێکی ئێزدییە، دانیشتووی ئەڵمانیایە و دەگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان.

 بەڵام پەکەکە و بەشێک لە حەشد و چەند پەرلەمانتارێکی عەرەب ناڕازین و دەڵێن: قائیمقامە نوێیەکەمان قبووڵ نییە.

باڵکێش زانیویەتی کە ئەو کەسایەتییە ئێزدییە کە پێشتریش لە سنووری شنگال پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی هەبووە، لەلایەن هەرێمی کوردستان و عێراقەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە و لەم ڕۆژانەدا پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەردەکات.

ھەواڵی زیاتر