یەكێتی نازانێت دوێنێ چیی گوتووە!

جەمال عەبدوڵڵا:

ئەگەر حیسابی تەمەن بكرێت، ئەوە ڕاستە، كە بۆ نموونە سەعدی، پیرە! بەڵام نە بافڵ تاڵەبانی پیرە و نە قوبادی برای، ھەتا یەكێك لە نیشانەكانی دەردە پیرییان تیا دەربكەوێت، كە بریتییە لە نەخۆشیی ئالزەھایمەر و نەزانن دوێنێ چییان گوتووە؟ كەچی زۆر سەیرە، ئێستا ئەو دوو برایە بە شێوەیەك ڕەفتار دەكەن، وەك ئەوەی یەك لێدوانی دوێنێی خۆیان و یەك بانگەشەی دوێنێی ڕاگەیاندنەكانی خۆیانیان لەبیر نەمابێت، چۆن؟

1 – پێش ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و ئەو كاتەی، كە یەكەمجار ئەم كابینەیەی حكوومەتی عێراق بڕیاری دا، كە بڕی 400 ملیار دینار بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بنێرێت، دەستبەجێ ئەم یەكێتییەی بافڵ و قوباد، دەوروبەرەكەی خۆیان ھان دا و گوتیان ئەوە ھەر ھەمووی بە ھەوڵەكانی پێشووتری یەكێتی و بافڵ و قوباد بووە! بەڵام دواتر، كە ناردنی ئەو 400 ملیار دینارە ھەندێك دواكەوت، ئنجا بایاندایەوە و گوتیان ئاخر ئەوە بۆیە دوا كەوتووە، چونكە یەكێتی لەناو شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا نەبووە و بەبێ یەكێتی ئیشی كورد و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ناڕوات و بەغدا بە ھەولێری گوتووە، با شاندەكەتان یەكێتی تیا بێت، ئەگینا ڕێككەوتن زۆر زەحمەتە! پاشان كە بەغدا 400 ملیار دینارەكەی نارد، یەكێتی دیسان گوتیەوە، ئەوە ئێمە بووین!

2 – ئنجا كاتێك، كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەكانی 2023، 2024، 2025 و لەسەر ھێڵە گشتییەكان بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و غازی عێراق بەگوێرەی دەستوور ڕێك كەوتن، ھەر ئەم یەكێتییەی بافڵ و قوباد گوتیان، ئەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا كراوە، ئەوە ھەر لە بنەڕەتدا سیاسەتی یەكێتی بووە! ئێ زۆر باشە، ھەرچەندە ئەوە ڕاست نییە، بەڵام ھەر وەك گریمانەیەك و گریمان یەكێتی ڕاست دەكات، كە 400 ملیار دینارەكان و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەكانی 2023، 2024، 2025 و ھێڵە گشتییەكانی یاسای نەوت و غازی عێراق بەگوێرەی دەستوور، ھەر ھەمووی لە ئەنجامی جووڵەی ھەلیكۆپتەرەكانی بافڵ و باوەشكردنەكانی بە ڕەیانی و حەشدی شەعبی و سەردانی قوباد بێت بۆ لای سەرۆكی میتی توركیا، بەڵام باشە ئەی بۆچی ئێستا داوای ئەوە لە بەغدا دەكەن، كە بودجەی سلێمانی لە بودجەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جیا بكەنەوە و لە دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مامەڵەی دارایی لەگەڵ یەكێتیدا بكرێت؟كەچی بەغداش گاڵتەیان پێ دەكات. ئایا ماقووڵە تۆ پێشتر ھەموو ڕێككەوتنەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كە تایبەتن بە بودجەی عێراق و بەشی ھەرێمی كوردستان لەو بودجەیەدا، ئەمانە ھەر ھەمووی بە بەری ڕەنج و تێكۆشان و دیپلۆماسییەتی خۆت بزانیت، كەچی ئێستا ھەر خۆت بێیت و دژی بەرھەمی ئەو ڕەنج و ماندووبوونەی خۆت بوەستیتەوە و دوای ئەم هەموو ڕێككەوتنەی خۆت لەگەڵ بەغدا، ئنجا بێیت و داوای ئەوە لە بەغدا بكەیت، كە حكوومەتی عێراق بودجەی سلێمانی بداتە دەست بافڵ و قوباد و عێراق لە دەرەوەی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بە جیا مامەڵەی دارایی لەگەڵ یەكێتیدا بكات؟ ئاخر ئەگەر یەكێتی لە بیری بمایە دوێنێ چیی گوتووە، ئەمڕۆ ئەم ھەڵسوكەوتە عەجیب و غەریبانەی نەدەنواند، كە بە شێوەیەك خۆی كردووە بە گاڵتەجاڕی زەمانە، ھەر ئەوەیان ماوە كۆمەڵێك منداڵە وردكەی سلێمانی بە ھۆیھاكێشان دوایان بكەون!

ھەواڵی زیاتر