کێ بڕیاری دا نەوت سەربەخۆ بفرۆشرێت؟

راست یان هەڵە، باش یان خراپ کێ بەرپرسیارە؟

ڕێبین فەتاح

هەرچەند سەربەخۆفرۆشتنی نەوت وەک بڕیارێکی تاکلایەنە و زۆرجاریش تاکەکەسی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لەڕاستیدا بڕیارەکە لە پەرلەمانی کوردستان درا.

لە کۆتایی نیسانی ٢٠١٣دا، پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٣ (یاسای دابینکردن و وەرگرتنی بەرکەوتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتە فیدڕاڵییەکان)، حکوومەتی هەرێمی (پابەند) کرد بە سەربەخۆفرۆشتنی نەوت بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە داهاتی گشتی عێراقی فیدڕاڵ.

ئەوکات پەرلەمان بەسەر دوو بەرەی دەسەڵات(حوکمڕان) و ئۆپۆزسیۆن دابەشببوو. لیستی کوردستانی کە لیستی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بوو، زۆرینەی پەرلەمانی پێکدەهێنا لە بەرانبەر لیستەکانی ئۆپۆزسیۆن (بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان).

ئەوان خاوەنی ٣٥ کورسی پەرلەمان بوون و گفتوگۆی پرۆژەیاساکەیان کرد، سەرەڕای تێبینی و سەرنجەکانیان دواجار زۆریان دەنگیان بە یاساکە دا. زۆر لە مادەکانی یاساکە بە کۆی دەنگ پەسندکران، بەڵام لە دەنگدان بۆ کۆی یاساکە ١٨ دەنگ لەگەڵ نەبوون و دواجار یاساکە بە زۆرینەی دەنگەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پەسند کرا.

تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەش کە سەرنج و تێبینییان لەسەر یاساکە و دەستکردن بە سەربەخۆفرۆشتنی نەوت هەبوو، لە گفتوگۆکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٣دا، بەتوندی ڕەخنەیان لە حکوومەتی هەرێم دەگرت بۆچی لە بەرانبەر دابین نەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق کەمتەرخەمە و ڕێوشوێنێکی کرداریی لەبەرنەگرتووە بۆ دابینکردنی مافە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق.

زۆریان پێشنیازی ئەوەیان دەکرد حکوومەتی هەرێم لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵای یاسایی لە دژی حکوومەتی عێراق تۆمار بکات بەهۆی پابەندنەبوونی بەغدا بە ناردن و دابینکردنی بەشەبودجەی هەرێم.

بەکورتی:

١. بڕیاری سەربەخۆفرۆشتنی نەوت ڕاست یان هەڵە، باش یان خراپ، بڕیارێک بوو لە پەرلەمانی کوردستان شەرعیەتی یاسایی پێدرا بوو.

٢. یەکێتیی نیشتمانی بە ئەندازەی پارتی بەشدارە لە بڕیاری سەربەخۆفرۆشتنی نەوت، نەک هەر لەبەرئەوەی لە ئاستی پەرلەمانی کوردستاندا کە ئەوکات لەلایەن یەکێتیییەوە سەرۆکایەتی دەکرا و یەکێتیییەکان دەنگیان بە یاساکە دا، بەڵکوو لەبەرئەوەی تیمی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەی ژمارە ٥ی ڕێککەوتی ٢٧ی ئازاری ٢٠١٣ ڕەزامەندیان لەسەر پرۆژەیاساکە دابوو.

٣. لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئاستی سەرکردایەتی سیاسییاندا بە تۆزقال دژی سەربەخۆفرۆشتنی نەوت نەبوون و لە ئاستی پەرلەمانیشدا وێڕای سەرنج و تێبینییەکانی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانیان لەسەر توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکە و پێشهاتە گریمانەکراوەکانی، نەیانتوانی پرۆژەیەکی بەدیل بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکە پێشکەش بکەن کە خۆی لە گرەنتیکردنی دابینکردنی بەشەبودجەی هەرێم دەبینییەوە.

وێڕای خستنەڕووی پێشنیازێک لە لایەن پەرلەمانتارێک یان دووانەوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵایی یاسایی لە دادگەی فیدڕاڵی لە دژی حکوومەتی عێراق و ئەو پێشنیازەش لەکاتێکدا بوو کە زۆرینە لەو باوەڕەدابوون کرداریی نییە، لەلایەک دادگەکە وەک ئەوەی دەستوور بانگەشەی بۆ دەکرد، بەپێی دەستوور دانەمەزرا بوو، لەلایەکی دی خزمەتی بە پرۆسەی نەوتی هەرێم نەدەکرد کە دەمێک بوو دەستی پێکرا بوو.

دەرئەنجام: چاوەڕوانکراوە کەس و لایەنی سیاسی وەبەرهێنانی سیاسیی و میدیایی ساختە سەبارەت بە بڕیار و بابەتێک بکەن، بەڵام جێی بەزەییە توێژەران، میدیاکاران و چاودێران! بەبێ فاکت قسە بکەن!

ھەواڵی زیاتر