لەستایشی سادەنووسیندا


 یەک
“ئێستا چکۆڵ ئەتۆ، وەرە پێشەوە، پێش من، ئێرە” ئەمە ڕستەیەکی نێو چیرۆکی “بووکەڵە چینییەکەی من”ی گوڵشیرییە. سەرەتا کە دەیخوێنیتەوە وا دەردەکەوێ پیتەکان ئاسان پێکەوە لکێندرابن. وشەکان لەتەنیشتی یەک، هیچ ماندوو بوونێکیان نەویستبێت، بەڵام ویستوویەتی. ئەگەر بوەستی بەسەر وشەکان، دەبینی ئەو ڕستەیە، تا ڕستە، گرتەیەکی ڤیدیۆییە، چۆن؟
لەم چیرۆکە ئەگەر خوێندبێتتانەوە، منداڵێک ڕاوییە. چیرۆک هەمووی نا، لەسەر ئەم ڕستەیە و چەند ڕستەیەکی دیکەی نێو چیرۆکەکە، دەوەستین.
سەرەتا لەبارەی وشەکانی ڕستەی سەرەوە:
“ئێستا چکۆڵ ئەتۆ” لێرە کەسێک؛ کە ڕواییە و منداڵە، ئاگاداری دەنگێک، کە بچکۆڵە، لە جێی پیاوێک، دەکات، کە نۆبەتی هاتووە، بڕواتە پێشەوە.
“وەرە پێشەوە”
لەم دوو وشەیە. ڕاوی گوتمان کە منداڵە، بانگی بچکۆڵ دەکات. لێرە هەست بە جووڵەیەک دەکەین، جووڵەی وشەش. چوونە پێشەوەیەک، چوونە پێشەوەی وشەیش. دەنگی جووڵەش، کە ڕودەدات.
“پێش من، ئێرە”
کە کۆتایی ڕستەیە، جووڵەیەک کە ئەنجام دراوە، هێشتا لە جووڵەدایە.
با چەند نموونەیەکی دیکە وەربگرین، هەر لە هەمان چیرۆک:
لەڕستەی:
“سەبر گوتی. بەڵام ڕوخساری وەک ئەو کاتەی لێهاتبوو کە بەرز دەڵێ”
دەنگێک کە سەبر قسەی کردووە، بە ڕووخسارێک کە تووڕەیە، دەتوانی ببیستی، بەرزیش… دەپرسم خوێنەر ناتوانێ ئەم ڕووخسارە ببینێ، چاویشی لێنەکاتەوە تا بزانێ چۆنچۆنییە؟ حەتمەن!
لەڕستەی:
“چکۆڵ ئەتۆ یانی مامە ناسری. وەرە ئێرە، دەبێ کە دێیە  ژوورێ هەر لەوێ ڕاوەستی. وەرە، ئەم کاغەزەشت با پێ بێ. یانی ڕۆژنامەیە.
لەم ڕستەیە، لە گەڵ خوێندنەوە، ڕەنگە ئاوڕ بدەیتەوە و تەماشای دەرگای ژوورەکەت بکەی، کەسێک کە خەریکە دێتە ژوورەوە و ڕۆژنامەیشی پێیە. نووسینەوەی ئەم ڕستەیە، بە جۆری دیکە، کە بێتام و سواون، بێشوومارن. بۆ نموونە، یەکێک، لە کەس گەڕێین، من ئەگەر ئەو ڕستەیە لەخەیاڵم بێ و بنووسم، ڕەنگە وا: “بچکۆڵ تۆ، با بڵێین تۆ مامە ناسری. وەرە پێشەوە. بزانە دەبێ کە بێی، لەوێ؛ لای پەنجەرە بوەستی. وەرە دەی. ئەم کاغەزەش، وەک بڵێی ڕۆژنامەیە با پێت بێ” جیاوازی نێوان ئەم دوو ڕستەیە چییە؟ بینووسن.
لە ڕستەی:
“داپیرە بە ئێرەی دەستی لێی دام”
لەکاتی خوێندەوەی ڕستەکە، و بینینی [ئێرەی] ڕەنگە دەست لەچەند شوێنێکی جەستەت بدەی: قاچ، دەست… ئێرەی شوێنێکی جەستەیە، زۆرتر دەست، یان ئانیشک و پێی لە شوێنێکی جەستە دەدرێ. ئەدەبیش جگە لەم هەستپێکردن و دەست لێدانە چیترە؟ هیچ…
ئێمە لەکاتی خوێندنەوە کە بەڕاکە ڕاک دەخوێنینەوە و بەسەر ڕستەکان باز دەدەین، نە جووڵەکان دەبینین، نە دەنگی جووڵە، نە دەنگی کەسێتی، نە ڕیتمی دەنگی کەسێتیش، بۆیە بە بیروڕایەکی خود پەسەند و گەلۆرانە، دەڵێن: “ئەو ڕستە سواوە چییە؟ هەموان دەتوانن بینووسن!” بەڵام لە ڕاستیدا کەس/ بەس گوڵشیری!
هەر گێڕانەوەیەک لە فۆڕمێکی جیاواز کە هەستی پێدەکرێ، دەسەڵاتی زمانە! زمان دەتوانێ و عەیبوعاری دەق بشارێتەوە. دەتوانێ کەلێنگری ڕەگەزەکانی دیکەی نێو دەق، وەک: کات و شوێن و کارەکتەر و ماناش بێت!
وەک لەزۆر شت بەدحاڵین، لەمەشدا وا تێگەیشتووین، سادە نووسین، ڕەواننووسین و گوتن و قسەکردنە بەم جۆرەی ڕستەکان هەمیشە دەبێ مەزەندەکراو بن بۆمان. وەک ئەوەی لە پاش کردار بە نموونە “گوتم” دەبێ تەواوکەر بە نموونە “دەڕۆم” بێت. وێنەکان ئەم وێنانە بن، ئێمە لە کاتی خوێندنەوە، زووتر هەستمان پێکردبێ!
مەبەست لە زمان، لەنێو دەق؛ شیعر یان هەر ژانرێکی گێڕانەوە، نووسین نییە بە زمانی قسەکردن. شتێک نییە بە ناوی زمانی نووسین و زمانی قسەکردن، یان بەم ڕوو نییە!
زمانی نووسین و زمانی قسه‌كردن جیاوازه‌، نووسین فۆڕمێكه‌ داڕشتنی ده‌وێت، قسه‌كردن فۆڕمی نییه‌، كاردانه‌وه‌یه‌كی بایلۆژی مرۆڤه‌، راهاتووه‌، فێری بووه‌. منداڵ، هه‌رزه‌كار، گه‌وره‌، هه‌موویان ده‌توانن قسه‌ بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاییان به‌رانبه‌ر فۆڕم و زانستی زمان، هەبێت. به‌ڵام نووسین جیاوازه‌، ئێمه‌ زیاتر مه‌به‌ستمانه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر فۆڕمی ئه‌ده‌بیی زمان بكه‌ین، ئه‌وه‌ی ڕێكۆر پێی ده‌ڵێت (fixation) له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌گه‌ر به‌پڕۆسه‌ی ئه‌و داڕشتنه‌دا نه‌ڕوات، جیاوازی نییه‌. دۆڵۆز گوتوویه‌تی “نووسین جۆرێكه‌ له‌ خۆهه‌ڵقوڕتاندن له‌ باسێكی گشتی.” ئه‌م خۆ تێهه‌ڵقورتاندنه‌ پێویستی به‌ ئاگایی هه‌یه‌ ابۆ ئه‌وه‌ی له‌ كێشه‌كه‌ حاڵی بیت، تا بزانی چۆن خۆت له‌و كێشه‌یه‌ ده‌رباز ده‌كه‌یت. به‌گشتی ده‌كرێ بڵێن، له‌ناو نووسیندا جۆرێك له‌ هونه‌ر هه‌یه‌، هونه‌ری نووسین، هونه‌ری لێكدانی وشه‌ و ڕسته‌، ئه‌و هونه‌ریبوونه‌، جۆری ده‌ق دیاری ده‌كات. نووسینی تێكستێكی مێژوویی و زانستی، له‌گه‌ڵ تێكستێكی ئه‌ده‌بی، ئێستاتیكا جیایان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌ده‌ب و فۆڕمی نووسین ناكرێ داببڕێن له‌ ئێستاتیكا، به‌ڵام مێژوو و زانست هیچ پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێستاتیكای گێڕانه‌وه‌ و ڕسته‌ و وشه‌كاندا نییه‌، واتا نووسه‌ر هێنده‌ی خه‌ریكی مانایه‌، خه‌ریكی بابه‌ته‌، ئاگای له‌ ورده‌وكاری زمان نییه‌. له‌ گوڵشیرییه‌وه‌ فێر ده‌بین، نووسین وه‌ك ئه‌و چاڵه‌ ببینین، كه‌ به‌ده‌رزی هه‌ڵكه‌ندراوه‌. ورد و ئاڵۆزه‌، به‌ڵام ساده‌ش دیاره‌، ئه‌وانه‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ ناو پڕۆسه‌كه‌دان، بێگومان خه‌ڵكی ئاسای، خوێنه‌ری ئاسایی نه‌ ئه‌و ورده‌كارییه‌ی بۆ گرنگه‌، نه‌ ده‌شزانێت چۆن كراوه‌.
له‌باره‌ی گوڵشیرییه‌وه‌، زیاتر ده‌دوێم، بەڵام تا بیرم نەچووە، ویستم بڵێم نووسین بە زمانی قسەکردن، من بە گرانتری دەبینم، تا ئاسانتر! باسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ نووسینی ئه‌ده‌بی، چه‌ندان فلته‌ر هه‌ن، تا زمانی قسه‌كردن ده‌بێتـه‌ فۆڕمێكی نووسین. كاره‌كه‌ له‌وه‌ ئاڵۆزتره‌ كه‌ ژە خوێنەر یه‌كسه‌ر وا ده‌زانێت ئه‌وه‌ هه‌مان فۆڕمی قسه‌كردنه‌. با ڕوونتر قسه‌ بكه‌ین: ئەگەر قسەڵۆکێک هەبێ بەناوی سادەنووسین، هەواڵنووسینە، مێژووه‌، زانسته‌… هه‌رشتێكە، جگه‌ له‌ شیعر، چیرۆک و ئه‌ده‌بیات به‌گشتی. ئینجا قورتارکردنی زمانی ئەدەبی، لە زمانی ڕۆژنامە، یەکەمین هەوڵی ئه‌دیبه‌، لە نێوان سادەنووسین و ئەکادیمی نووسیندا.
ئێستا دەبێ بگەڕێمەوە سەر باسەکە. لەسەرەوە نووسیوومە. دەینووسمەوە: مەبەست لە زمان، لەنێو دەق، شیعر یان هەر ژانرێکی گێڕانەوە، وه‌ك ڕوونمان كرده‌وه‌، نووسین نییە بە زمانی قسەکردن، بەڵکوو ستایلێکی تایبەتە. فۆرمالیستەکان کە دەیانگوت، زمانی ئەدەبی ناکۆکە لەگەڵ ئەو زمانە ئاساییەدا کە ئێمە بە کاری دێنین، مەبەستیان لەزمانی قسەکردن نەبووە، بەڵکو مەبەستیان لە زمان بووە لەدەرەوەی دەق. لێره‌وه‌ دیاره‌ به ‌هه‌موو جۆرێك زمانی ناو ده‌ق، جیاوازه‌ له‌ زمان له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق.
نووسین وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌ چه‌ندان فۆڕم وه‌رده‌گرێت. بەڵێ سەرەتاترین هەوڵ و کە دەبێتە ستایل و نووسینی نووسەرێکی پێدەناسرێتەوە، بۆ شاعیر وشە، بۆ چرۆکنووس؛ گێڕەڕەوە، ڕستە، هەردووکیان  لە هەردوو باردا، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی وشه‌، شوێنی وشه‌، دروستكردنی مێتافۆڕ، جێگۆڕکێی کردارە ڕێزمانییەکان دەکەن، بەنموونە:
“دەبوو بۆت باس بکەم”
“دەبوو باسی بکەم بۆت”
“دەبوو بۆتی باس بکەم.”
لەم سێ ڕستەیە، یەک مانا هەیە. بەڵام ئێمە کە دەیانخوێنینەوە، دەزانین یەکیان لەوانی دیکە ئەدەبی ترە. ئەمە هێزی زمانە. ئەمەی ئەدەبیبوونی دەقێک نیشان دەدات، یان بە جۆرێکی دیکە، ئەوەی [دەقبوونی] دەقێک، لەچوارچێوەی دەقەکە دەهێڵێتەوە، هێڵکاری بیرۆکە زەینییەکانی نووسەر و نووسینەوەی نییە، ڕەنگڕێژکردنی وشەکانە، بەڵام وشەش، شین بوونی خۆڕسکانەیە، نەک فشار خستنە سەری، بە وشەگەلی تێخزێندراو!
چیرۆکنووسێک دەیگوت “نووسەرێک جارێک گوتی: من زمانم ئەسڵەن بۆ گرنگ نییە!” گوتی گوتوومە: “ئەوە وەک وایە، نیگار بکێشی بڵێی ڕەنگم بۆ گرنگ نییە!”
دوو
“ئاڵۆزیی ڕابردووە” یەکێک لە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی مۆبیلیات، بەشی فرۆشتن، لە ڕیکلامی کورسی و مێزێک، وای نووسیبوو. ژوورەکان لە ڕابردوودا؛ هەندێک ژوور لە ئێستاش فرەڕەنگ، پڕ جەنجاڵن. پەردەکان، چەند دانە لە پشتی یەکن و کێشیان قوڕس و پڕ نەخشن. دیوارەکان بە گەچ، نەخشی تێکچڕژاو و ڕەنگیان تۆخ و چەند ڕەنگی زەقن. کورسییەکان ڕەنگیان قاوەیی و لێواری کورسییەکان، زەردی زەرد، زێڕیین. ئێستا ڕەنگی دیوارەکانی ماڵ، ئۆفیس و کۆمپانیاکان، سپی، یان “ئۆف وایت”ن. قەنەفەکانی دانیشتن، کرێمی کاڵ، سوور، شین، نیلیی، هەر ڕەنگێک بن، کاڵن.
ئەمەم بۆ ئەوە بوو بڵێم: ئەگەر ئاڵۆزی لە دیکۆڕاتی ژووری ئۆفیس و ماڵەکان، بووە بە ڕابردوو، کەواتە سادەبوونەوە گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو. ئەگەر وایە، نووسینیش هەمان شت نییە؟ هەمانە.
بۆچی خوێنەر؛ چەند جاریش نووسەرێک، دوای خوێندنەوەی بیست لاپەڕە لە کتێبێک، کتێبەکە فڕێ دەدا. چەندجار منیش وام کردووە. ڕەنگە تۆش ئەم نووسینە کە دەخوێنیتەوە، کتێبێکت بیر بکەوێتەوە، کە دوای چەند لاپەڕێک وازت لێی هێناوە. گوتوومانە لەبەر چییە ناخوێندرێتەوە؟
نەخوێندەوەی کتێبێک دەگەڕێنمەوە بۆ سێ هۆکار:
یەک: وەک هەر دەستپێکێک، خوێندنەوەش سەرەتایەکی هەیە.
بۆ خوێنەری ئەم ئاستە. وشەکان دەبێ وشەکانی ئەو بن؛ بیستراو و ئەزموونکراو. ڕستەکان ڕێک و پێک، بە ڕێزمانی و ئاخاوتنی ئەو، بە دوای یەک بێن و ببن بە ڕستە. پاشان چیرۆک دەبێ چیرۆکی ئەو بێت و نووسرابێتەوە. (پڵۆت) ژێرنەخشی دەقیش هەمیشە دەبێ شتێک، بێ کە ئەو لەسەرەتای دەقەوە چاوەڕێی بووە. ڕووداو، ئەم جۆرە ڕووبدات، کە وێنەی بۆ کێشراوە. لە کاتێكدا دەمێکە ڕووداو، کارەسات نییە. بەڵکو تەواو لە ڕەوشێکی جیاوازدایە. هەڵبەت لەم ئاستە، خوێنەر کە سەیری فیلمێکیش دەکات، کامێراکە دەبێ ئەو دیمەنانە نیشان بدات، کە وێنەی گریمانەیی ئەون.
دوو: ئاستی تێگەیشتن. جیاوازی زۆری نێوان ئاستی خوێنەر و نووسەرە. (خوێنەری کورد و نووسەری کورد نا، خوێنەری کورد و نووسەری دەرەوە، کۆندێرا و یۆسا بەنموونە) لێرەدا نووسەر چەند ساڵێک پێش خوێنەرە. بە وێنە: خوێنەر ساڵێک کتێبێک دەخوێنێتەوە، تێیناگات، ناچار وازی لێ دێنێت. جارێکی دیکە کە کتێبەکە دەخوێنێتەوە، پێدەکەنێ. پێدەکەنێ کە چۆن جاری یەکەم لەم کتێبە تێنەگەیشتووە؟ ئەم پێکەنینە سەرەتایەکە بۆ گەیشتن بە قۆناغی سێیەم.
سێ: لەم قۆناغە خوێنەر، وەسوەسەی نووسینی بۆ دروست دەبێ. بۆیە کە دەخوێنێتەوە، لەسەر “چی باس کردووە” بازدەدا، لەسەر  “چۆن باسی کردووە” دەوەستێ. لەم قۆناغە خوێنەر، لە خوێندنەوەدا، پێش نووسەر دەکەوێت. ئەوەندەش نا دەق لە زمانی یەکەم دەخوێنێتەوە. زمان فێربووە و دەناسێ. ڕێنووس شارەزا دەبێ. ئیدەیت دەزانێت. ڕەگەزەکانی نووسین دەناسێ. دێت دەنووسێ. دەنووسێ و ڕەشی دەکاتەوە. چیرۆک ئەگەر بنووسێ، ڕاهێنان دەکات، چیرۆکێک بەس دایەڵۆگ، یەکێک بەس کارەکتەر، یەکێک کات و شوێن… بە کورتی لەم ئاستە، خوێنەر نووسەریشە. بۆیە کە کتێبێک دەگرێتە دەست، لەسەر وشەکان دەوەستێ، ڕاناکات. چیرۆکی ڕۆمانەکە و چیرۆکی چیرۆکەکەی بۆ گرنگ نییە، چیرۆکی نووسینیان. ئاڵۆزکاوی دەق و نووسەری ئاڵۆز؛ کە دوو چەمکی جیاوازن، لێک دەکاتەوە. دەزانێ چیدی کرچوکاڵی دەق، سادەیی مانا نییە، زمانە. بۆیە لەملاو، لەولا، کاتێک دەبیستێ یان دەخوێنێتەوە کۆمەڵێک خوێنەر و چەند دانە تیۆریستێک دەڵێن: ئەو دەقە (هەر ژانرێکی ئەدەبی) بۆیە لاوازە، نووسەر هەر وشەی ڕیز کردوون. هیچی نەگوتووە. یان ئەوەی گوتوویەتی خرتوخاڵی باسێکی بچووک و پەراوێزخراو بووە. پێیان وایە مانا هەمیشە قەومانە: نقووم بوونی کەشتییەک، پارچەپارچەبوونی فڕۆکەیەک… پێدەکەنێ. دەزانێ لە دەقی هاوچه‌رخ، چیتر ڕووداو، کوشتنی باڵندەیەک نییە، نەکوشتنییەتی!
وه‌ك ئه‌نجامێكی گشتی ده‌مه‌وێت بڵێم: بەشێکی زۆری ئەو دەقانەی، خوێندەوەیان [خوێنەر] شەکەت دەکەن، کێشەیان قوڕسی مانا نییە، کۆسپی زمانە. زمان وەک یەکەیەکی جێگیر نا، کە خوێنەر ئاسان لە مانای وشەکان تێدەگات، پێکەوەش وشەکان لە تەنیشتی یەک، شتێکی پێدەڵێن. بەڵکو زمان وەک ئەرکی زمان خۆی. ئه‌ده‌بیات ورده‌كاری زۆری ده‌وێت، ڕیتم و جۆر و ته‌نانه‌ت ده‌مووچاوی وشه‌كان بۆ ئه‌ده‌بیات زۆر گرنگه‌، وشه‌ هه‌یه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی مانایی نییه‌، به‌ڵام له‌ناو ڕسته‌دا ڕه‌زای زۆر قوڕسه‌، خوێنه‌ر تووشی تاسه‌ ده‌كات. ڕه‌نگه‌ سایكۆلۆژییه‌ن، هه‌ندێ وشه‌ هه‌بن، مرۆڤ توڕه‌ بكه‌ن، مرۆڤ مه‌به‌ستم خوێنه‌ره‌، كه‌واته‌ ئیشی نووسه‌ری ئه‌ده‌بی، هه‌مان ئیشی هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاره‌، یه‌ك هه‌ڵه‌ له‌ ڕه‌نگ له‌ هێڵكاری بكه‌یت، كاره‌كه‌ تێك ده‌چێت، ئێ كاكه‌ ئه‌وه‌ بۆ ئه‌ده‌بیاتیش ڕاسته‌. له‌ ئه‌ده‌بیاتدا به‌چی ده‌زانین ڕه‌نگ تێك چووه‌، هێڵكاری هه‌ڵه‌یه‌؟ به‌ زمان. ئەو وردەکارییانەی دەبن بە تایبەتمەندی بەرهەمێک، لە زماندا چڕ و تەسک دەبنەوە. 
 
سێ
دەڵێن “هەر وشەی ڕیز کردووە.” وەک زۆر شتی دیکە، “وشە ڕیزکردن” بووە بە ئیدیۆمێکی ئەدەبی و پێکەنیناوی. لەکاتێکدا زێڕینترین چرکەساتی نووسەر، دانیشتنی نووسەرە بە دیار وشەکانەوە، نەک بە دیار هێڵکاری و نەخشەی ئەو چیرۆکەی، چیرۆکنووس لە خەیاڵیدایە!
خەیاڵ پێش مانا، دەبێ بە وشە بکرێ! کەواتە ئەوەی یاری پێ دەکرێت، زمانە، نە مانا، مانا هەمیشە و هەرجۆرێک، کۆمەڵایه‌تی دەبێ. هەر چەشنە کۆمەڵایەتی بوونێکی نووسەر، كاریگه‌ری له‌سه‌ر نووسین هه‌یه‌، جۆرێك کۆمەڵاتیینووسین، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی نووسه‌ره‌.
ئەدەبی کوردی، یان لە هیچ شەڕێکدا نییە، یا لە شەڕێکی درەنگوەختدایە. شێوازێکی نووسین، لە وێدا (لەوێدا، لەم ئێستایە مەبەستم هەر شوێنێکە، ئێرە نەبێ) بەسەرچووە، چیتر پێی نانووسرێت. لێرە دەبێ بە باو. کڵێشەیەکی تیۆریی، چەمێکی ئەدەبی، فەلسەفیی، چەند جار پڕاکتیزە دەکرێتەوە و دادەڕێژرێتەوە، لێرە هێشتا بە یەکەمین ڕاڤەی، ڕاڤەی دەکرێتەوە. به‌مانایه‌كی دیكه‌، شته‌كان زۆر دره‌نگ ده‌گه‌نه‌ لای ئێ/ه‌، كه‌ ده‌شگه‌ن، به‌ناته‌واوی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ، ڕه‌نگه‌ به‌شێكی ئه‌م به‌زمه‌ پێوه‌ندی به بازاڕی وه‌رگێڕانه‌وه‌ هه‌بێت، ئاخر هێشتا زۆرینه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ده‌كرێنه‌ كوردی به‌رهه‌می پێش یان زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ن، تازه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵیان ئاشنا ده‌بین. ئه‌ی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ؟
لە دەقی نوێ ئاستەنگییەک ئەگەر هەبێ، پێشی مانا، هی زمانە سێ چیرۆکەکەی ئامادە: چرک! پێش ئەوەی چیرۆکێک بێت و چەند چیرۆکێکی لێ کەوتبێتەوە، چیرۆکێکە لە چەند شێوە گێڕانەوەدا. ئەم شێوانە، کە دەبن بە تەکنیک، زمان دروستییان دەکات. بێگومان ئەو ڕەگەزەی ئەم ئیمکانانە دروست دەکات، چەند چیرۆکێکی دیکە نییە، زمانە. زمان خۆی وەک جۆرێک ئەدەب، جۆرێکی تایبەتییە لە زمان. لەم چیرۆکانە زمان واهەستپێدەکرێ شیرین، ڕەوان و سادەیە. بەڵام فریودەر و ڕکێفکارە. وشەکان وا هەست دەکرێ، باو و ئەزموونکراو بن، وان، بەڵام ڕیزکردنیان لە تەنیشتی یەک، نەخێر. ڕیز کردن، ئەگەر لەو ئیدۆمە گەپجاڕە بترازێنین، نووسەر یان تێیدا سەردەکەوێت، یان وشە سەفتی سەر وشە دەکات…

بەڵێن سابیر عومەر

ھەواڵی زیاتر