په‌رله‌مانی كوردستان سێ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی قه‌ده‌غه‌كرد

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

ئەمڕۆ سێ شەممە، 29ی ئه‌یلوول، بەڕێوه‌بەرایەتی كارگێڕیی پەرلەمانی كوردستان بڕیارێكی لەسەر بەكارهێنانی بەشێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە ناو باڵه‌خانه‌ی پەرلەمانی كوردستان له‌كاتی ده‌وامی فه‌رمی و به‌ هێڵی ئینته‌رنێتی په‌رله‌مان ڕاگەیاند و بەكارهێنانی ئه‌و تۆڕانه‌ی قەدەغەكرد.

سامان ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ تۆڕی مدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: “ئه‌مرۆ بە بڕیاری بەڕێوه‌بەرایەتی كارگێڕی پەرلەمانی كوردستان، سێ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (سناپ چات، تیك تۆك و ئینستگرام)، لە ناو باڵه‌خانه‌ی پەرلەمانی كوردستان قەدەغەكراوه‌، به‌ هێڵی ئینته‌رنێتی په‌رله‌مان.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: “بڕیاره‌كه‌ ته‌نها بۆ فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مانه‌ له‌كاتی ده‌وامی فه‌رمیدا و پاش ده‌وام و له‌ ده‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان ئازادن له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و تۆڕانه‌ و هه‌ر تۆڕێكی تری كۆمه‌ڵایه‌تی.”

ھەواڵی زیاتر