سەلاح کوێخا کۆچی دوایی کرد

سەرپەرستیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان کۆچی دوایی کرد.

سەمیر ھەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەلاح کوێخا، سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان بەھۆی تووشبوونی بە کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگه‌یاند: “سەڵاح كوێخا نەیهێشت پلە و پۆست ناوی بزڕێنێت، ئەو دەسەڵاتە زۆرەی كه‌ وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هەیبوو، بەکاری نەهێنا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی یان بۆ پڕکردنی گیرفانی.”

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌شیدا ده‌ڵێت: “هەست دەکەم غەدرم لەم پیاوە مەزنە کردووه‌، كه‌ دوو ساڵ بوو داوای دەکرد خانەنشینی بکەم و كه‌سێكی تر لە شوێنەکەی دەستبەکاربێت، بەڵام من لێی پاڕامەوە کە لەبەر هەستیاری دۆخەكە و ئەو هاوسەنگییەی كه‌ ڕایگرتبوو و لەبەر ئەو ڕێزەی کە لە گەرمیان هەیبوو، بەردەوام بێت و ساڵی ڕابردوو بەڵێنم پێدا کە یەک ساڵی دیکە خانەنشینی دەکەم، ئەوەبوو سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ خانەنشین کرا، به‌ڵام زۆر دڵگرانم کە نەیتوانی یەک ڕۆژ چێژ لە ژیانی خانەنشینی ببینێت، چونکە هەر کە خانەنشین بوو تووشی پەتای کۆرۆنا بوو، بۆیه‌ لێرەدا هیچم نییە بیڵێم جگە لەوەی زۆر داوای لێبوردن لە مامۆستا هیامی هاوسه‌ری ده‌كه‌م.”

سه‌ڵاح كوێخا، ماوه‌ی 11 ساڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان بوو، چه‌ندین به‌رپرسیارێتی جۆراوجۆری له‌ناو حیزبه‌كه‌یدا وه‌رگرتووه‌، دوایین پۆستی حیزبی ناوبراو، به‌رپرسیارێتی مه‌ڵبه‌ندی 12ی خانه‌قینی یه‌كێتی بووه‌، جگه‌ له‌ پۆستی سه‌رپه‌رشتیاریی ئیداره‌ی گه‌رمیان، پێشتر هیچ پۆستێكی تری حكومی نه‌بووه‌.

ھەواڵی زیاتر